وەزارەتی کشتوکاڵ لە یەکەم کۆبووەیەی ئەمساڵیدا چەند بڕیارێکی پەسند کرد

وەزارەتی کشتوکاڵ لە یەکەم کۆبووەیەی ئەمساڵیدا چەند بڕیارێکی پەسند کرد
وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رۆژی دووشەممە ١٣/٢/٢٠١٧، بە سەرپەرشتیی وەزیری کشتوکاڵ و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پارێزگاکان یەکەم کۆبوونەوەی ئەم ساڵی ئەنجام دا و کۆمەڵێک پرسی پێوەندیدار بە جووتیاران و ئاژەڵدارانی تاوتوێ کرد و ئەم بڕیارانەی خوارەوەش پەسند کران:



1- پێشنیار و راسپاردەکانى وۆرك شۆپی بەرێوبەرایەتى گشتى سەرچاوەکانى ئاو لە سەر ئاوى ژێر زەوى كە لە 9ی كانوونی دووەمی ئەم ساڵ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتی سەرچاوەكانی ئاو بەستراو چەندین راسپاردەو بڕیاری گرنگیی تێدا گەڵاڵەكرا، بۆیە بڕیاردرا لیژنەیەكی وەزاری پێك بێت و لەگەڵ پسپۆڕەكانی ئاوی ژێرزەوی و شارەزایان پڕۆژەیەكی تۆكمە دابڕێژن كە تەوەری كاریگەریی بیرلێدان بە ئامێری پایل و بەجێهێشتنی مەودا لەنێوان بیرە لێدراوەكان بە تێروتەسەلی دیراسەبكرێت، تاكو كاریگەریی نەبێت و نەبێتە هۆی كەمبوونەوەی ئاو، بە گرنگی و بایەخیشەوە راسپاردەكان بە هەنگاوی ئەرێنی و بەسوود لەقەڵەم دران.

2- تاوتوێ کردنى پرۆژە بڕیارى دامەزراندنى کارگەى تۆپاككەرەوە لەلایەن کەرتى تایبەت، ئەنجومەن ئەم هەنگاوەی پەسندكرد، چونكە لەئێستادا تەنیا چوار كارگەی تۆپاككەرەوە لە سەرجەم پارێزگاكانی كوردستان هەن كە وەزارەت دایمەزراندوون و تەنیا 25%ی بنەتۆی جووتیاران دابین دەكات.

3- پێشنیارى بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی پارێزگاکان بۆ وەرگرتنى بارمتە لە هاوردەکارانى ئاژەڵى زیندوو، بۆ ئەم خاڵە رەزامەندیی وەرگیرا كە یەكەم جار هاوردەكاران گرێبەست لەگەڵ پارێزگاكاندا بكەن و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەرییەوە پەسندبكرێت بەپێی رەزامەندیی و شەرعییەتی گرێبەستكاران.

4- دامەزراندنى پرۆژە ولێدانى بیرى ئیرتوازى لەسەر زەوى بەردەڵان کە بە گرێبەستی هەمیشەیی دراوەتە جووتیاران، لە كۆبوونەوەكە بڕیاردرا كە مۆڵەتیان هەبێت و رەگەزی زەوییەكەش كشتوكاڵی بێت.

5- مەرج و پێوەرەکانى پاڵاوتنى جووتیارى لێهاتوو، لەم خاڵەدا ئاماژە بەو لیژنەیە درا كە لە كۆبوونەوەی(7)ی ساڵی رابردوو پێكهات و تێیدا چەندین مەرج بۆ پاڵاوتنی جووتیارانی لێهاتوو دەستنیشان كرا.

6- میکانیزمى رێکخستنى و هاوردەکردنى ڤاکسینى ستراتیجى فیتیرنەرى لەلایەن کەرتى تایبەت، لەم رووەوە جەختكرایەوە لەسەر ئەوەی كە هاوردەكارانی كەرتی تایبەت پسپۆڕ بن و لەلایەن ڤێتێرنەرییەوە بخرێنە ژێر چاودێری توندو وردەوە، بە تایبەتیش كە لە ئێستادا هەرێم لە قەیرانی داراییدایەو جاران هەر وەزارەت ئەم كارەی ئەنجام دەدا.

7- دەستنیشانکردنى کێشە وگیرو گرفتەکانى کەرتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو وەک بابەتى توێژینەوە بۆ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، لە كۆبوونەوەكە داوا لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان كرا لە پارێزگاكان كە هەر كێشەو پێشنیاریان هەیە، بەپێی ئەو رێكەوتننامەیەی كە وەزارەتی كشتوكاڵ لەگەڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى واژۆی كردووە، تاوتوێ بكرێن و بڕیاری پێویستیان بۆ دەستنیشان بكرێت.

8- چاوخشاندنەوە بە خەرجیی پێداویستییەكانی فەرمانگەكانی كشتوكاڵ، لەبەر ئەوەی لەئێستادا رێنمایی دەرچووە لە وەزارەتی داراییەوە بەهۆی دەستكردن بە خەمڵاندنی بودجەی ساڵی 2017 كە پێویستە هەموو لایەك سەرجەم شتە گرنگ و پێویستەكان تۆماربكەن و دوای گەڵاڵەكردن یەكبخرێن، ئەمەو چەندین بابەتی دیكە لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی راوێژكاریی وەزارەت باسیان لێوەكرا.
PAYAMNER-
Top