قایمقامی ئاکرێ: زیاتر لە ٢٠ گوند بەھۆی پەکەکەوە چۆلکراوە8

قایمقامی ئاکرێ: زیاتر لە ٢٠ گوند بەھۆی پەکەکەوە چۆلکراوە8



قایمقامی ئاکرێ، مازن محەمەد رایگەیاند: "ئەگەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کێشەی بوودجە و قەیرانی داراییشی نەمێنێت، ناتوانین پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بگەینە ئەو گوندانەی سنووری قەزای ئاکرێ کە پەکەکەی تێدا باڵا دەستە، چونکە ئێمە دەمانەوێت خزمەتی ئەو گوندانە بکەین کە خەڵکی تێدایە، نەک پەکەکە".



قایمقامی ئاکرێ، مازن محەمەد لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە سنووری شارەدێی دینارتە ٢٠ بۆ ٢٣ گوند ھەن کە پەکەکە بنکە و بارەگاکانی لێ جێگیر کردووە و دیارە کە بەھۆی پەکەکەوە خەڵکەکە ناوچەکەیان جێھێشتووە، بوونی پەکەکە لەو گوندانە تەواوی سنوورەکەی خستووەتە بەردەم ئەگەری بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکان، چونکە پەکەکە گرووپێکی چەکدارە و دژی تورکیا شەڕ دەکات و خۆشی خزاندووەتە ھەرێمی کوردستان. دانیشتووانی ئەو گوندانە ناچارن خۆیان بپارێزن تاوەکو نەبنە سووتەمەنی شەڕی پەکەکە لە ناوچەکە".



گوتیشی: "خەڵکانێک ھەن دەگەڕێنەوە بۆ گوندەکانیان، بەڵام گەڕانەوەیان بۆ گوندەکانی خۆیان بەشێوەیەکی کاتییە. ئەگەر بەیانی بچنە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان یان سەردانی رەز و باغەکانیان بکەن ئەوا بۆ ئێوارە پەکەکە گەڕانەوە و دەرکردنی بەزۆریان بەسەردا دەسەپێنێت".



قایمقامی ئاکرێ، مازن محەمەد لەبارەی چارەسەرکردنی دۆخەکە دەڵێت: "چارەسەرکردنی کێشەی بوونی پەکەکە لە دەست ئیدارەی قەزای ئاکرێدا نییە، بەڵکو لە دەسەڵاتی سەرکردایەتی سیاسی ھەرێمی کوردستانە، چونکە کێشەی بوونی پەکەکە تەنھا لە سنووری قەزای ئاکرێ نییە، ئەم کێشەیە لە زۆرینەی شار و شارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان ھەیە، پشکی شێر بەر پارێزگای دھۆک کەوتووە بەتایبەت سنووری شارۆچکەی ئامێدی، ئاکرێ و دەڤەرەکانی بەرواری باڵا. ئاگاداریش نین کە ھیچ ھەنگاوێکی کردەیی نرابێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بوونی پەکەکە، ئەوەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پەکەکە خۆی نایەوێت کێشەکە چارەسەر بێت".



ئاماژەی بەوەشدا کە ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارەی شنگال لە کەمپی ئاکرێ-دا تا ئێستا لەبەر بوونی داعش و چەکدارانی پەکەکە نەگەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان، نەبوونی خزمەتگوزاری وەک ئاو و کارەبا و نەبوونی قوتابخانە و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بووەتە بەربەست لە بەردەم گەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال، بەڵام بوونی ھەڕەشەی چەکدارانی پەکەکە و تیرۆریستانی داعش لە سنووری شارۆچکەی شنگال ھۆکاری سەرەکین لە بەردەم نەگەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال".
PAYAMNER-
Top