د. نووری: ٨٩ پڕۆژەی وەبەرهێنان هەڵوەشێندراونەتەوە
(د. نووری عوسمان)، سەرۆکی دەستەی گشتیی وەبەرھێنان - بە وەکالەت، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بە بڕیاری سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان پێدانی مۆڵەت بە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لەلایەن دەستەی وەبەرھێنانەوە ڕاگیراوە و، ھیچ وادەیەکیش بۆ دەستپێکردنەوەی مۆڵەتەکان لە ئارادا نییە. بەڵام پێدانی مۆڵەت بە پڕۆژەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتوگۆزار بەردەوامە و، تەنیا لە کەرتی نیشتەجێبووندا مۆڵەت بە ھیچ پڕۆژەیەک نادرێت، تا ئەوکاتەی فەرمانی بۆ دەردەچێتەوە.''
(د. نووری عوسمان) گوتی: ''لە کۆی ٣٩٠ پڕۆژە، مۆڵەتی ٨٩ پڕۆژە بەهۆی کەمتەرخەمی و هۆکاری جۆربەجۆری دیکەوە ھەڵوەشێندراونەتەوە و، بەداخەوە بەھۆی تەواونەکردنی پڕۆژەکانەوە مافی هاووڵاتیان خوراوە. چونکە ئەگەر پڕۆژە تەواو نەکرێت، مافی هاووڵاتیان دابین ناکرێت. یەکێک لەو پڕۆژانە، پڕۆژەی شاری (دەشتی بەھەشتە)، کە وەبەرهێنەرەکەی بە نیوەچڵی بەجێی هێشتووە و تەواوی نەکردووە.''
دەربارەی دەستگیرکردنی ئەو وەبەرھێنەرانەی تا ئێستا بە ھۆکاری کەمتەرخەمی و بەجێھێشتنی پڕۆژەکانیانەوە دەستگیر کراون، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان – بە وەکالەت گۆتی: ''من دادوەر نیم، خەڵک دەستگیر بکەم، ھیچ وەبەرھێنەرێک لای ئێمە، وەک دەستەی وەبەرهێنان، دەستگیر نەکراوە.''
kdp-
