سامان گەرمیانى: یەکێتی لێژنەیەک لەبارەی دەست لەکارکێشانەوەی ئازاد جوندیانی پێک دەهێنێت

 سامان گەرمیانى: یەکێتی لێژنەیەک لەبارەی دەست لەکارکێشانەوەی ئازاد جوندیانی پێک دەهێنێت
لە چوارچێوەی کاردانەوەکان بەرامبەر بە دەست لەکار کێشانەوەی ئازاد جوندیانی لە ئەندامێتیی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی ڕای گەیاند: "لێژنەیەکى لێکۆڵینەوە بۆ دەست لەکارکێشانەوەى جوندیانى پێک دەهێنرێت”.

سامان گەرمیانى، ئەندامى سەرکردایەتیى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان، لە لێدوانێکدا ڕای گەیاند: "پێشتر چاوەڕێی ئەوەمان دەکرد کە ئازاد جوندیانى دەست لەکار بکێشێتەوە، چونکە ماوەى ساڵێکە نە هیچ قسەیەک دەکات، نە بەشداریى کۆبوونەوەکانى مەکتەبى سیاسیی یەکێتى دەکات، بۆیە کاتێک دەوامى ئاسایی خۆى نەکات و بەناوى حزبەکەیەوە قسە نەکات، بۆیە لەو کاتەدا دەبێ چاوەڕێی دەست لەکارکێشانەوەى لێ بکرێت”.

ئەوەشی ڕوون کردەوە: "یەکێتیى نیشتمانى لێژنەیەکى لێکۆڵینەوە بۆ دەست لەکارکێشانەوەی پێک دەهێنێت، بۆ ئەوەى هۆکارى وازهێنانەکەى ڕوون ببێتەوە”. گوتیشی: "یەکێتیى دەمێکە ڕاهاتووە بە دەست لەکارکێشانەوەى کادیر و سەرکردەکانى، بێگومان پێشتر کەسانى پلە باڵا وازیان لە ڕێزەکانى یەکێتى هێناوە، بەڵام یەکیتى هیچ زەرەرێکى نەکردووە، چونکە حزبێکى گەورەیە و ڕەگ و ڕیشەی هەیە، خۆ ئەگەر هەموو سەرکردایەتیی یەکێتى واز بهێنیت، قاعیدەى یەکێتى هەر بە جوانى دەمێنێتەوە”.

بە بڕوای سامان گەرمیانی، ئەگەر ئازاد جوندیانى بەهۆى بوونی گەندەڵی لەناو یەکێتی وازی هێناوە، “دەبووایە بەشداریى کۆبوونەوەکانى مەکتەبى سیاسی بکردایە و بە ئاشکرا باسی ئەوەى بکردایە، بۆ ئەوەى لانى کەم قسەکانى کاریگەری هەبووایە".

ئەندامەکەی سەرکردایەتیی یەکێتی جەختی لەوە کردەوە: “هەر کەسێک لە سەرکردایەتى و مەکتەبى سیاسی بیەوێت دەست لەکار بکێشێتەوە، پێویستە ئەستۆپاکیی خۆی بسەلمێنێت لە هەموو ئەو بابەتانەى دەچێتە چوارچێوەى، هەروەها ڕاستگۆیى و ئیشە باشەکانى خۆى بسەلمێنێت، ئەوکاتە مەکتەبى سیاسی بڕیارى دەست لەکارکێشانەوەکەى قەبوڵ بکات".













باسنیوز
Top