پەرلەمانتارێکی پێشووی یەکێتی: پێویستە لایەنەکان بۆ جێبەجێکردنی پەیامەکەی بارزانی پەلە بکەن
موحسین عەلی ئەکبەر، پەرلەمانتاری پێشووی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: “دەبێت لایەنەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆببنەوە، کار بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە بکەن، چونکە ڕەوشی کوردستان لەو دۆخەدا نییە کە لایەنەکان ئاوا شپرزە بن، دۆخی عێراقیش خراپە، بۆیە پێویستە کورد لەناوخۆیدا یەک بێت، بۆ ئەوەی گرفتەکان چارەسەر بکرێت”.
ڕوونیشی کردەوە کە گرفتەکان تەنیا پرسی پەرلەمان یان حکوومەت نین، بەڵکوو “کۆمەڵێک گرفت هەیە کە دەبێت گفتوگۆ بکەین و بگەینە دەرئەنجامێکی دیاریکراو”.
ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەوەشی دووپات کردەوە: “بارزانی پەیامێکی باشی هەبوو، دەبێت جێبەجێ بکرێت، چونکە تەنیا پەیامێک نییە، بەڵکوو دەبێت بکرێتەوە هەنگاوی پراکتیکیی لایەنەکان و پێکەوە دابنیشن، ئەوەی بارزانی کردوویەتی زۆر باشە، دەبێت هەموو لایەک تێگەیشتنیان بۆ دۆخی کوردستان هەبێت و لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی پەیامەکە ڕێک بکەون”.
باسنیوز
