سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی: دوو هۆکار وایان کرد پارتی باسی بایکۆتی هەڵبژاردنی عێراق بکات
د.عەرەفات کەرەم، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: "دوو هۆکار هەبوون بۆ ئەوەی پارتی بیر لەوە بکاتەوە کە بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراقدا نەکات، کاتێک پارتی باسی بایکۆتی هەڵبژاردنی عێراق دەکات، ئەو کاتەیە کە نووری مالیکی، جێگری سەرکۆماری عێراق، باسی زۆرینەی سیاسی دەکات، لە ساڵی ٢٠٠٩ مالیکی ئەو پرەنسیبەی پێشکەش کرد، بەڵام لە کاتی پێکهێنانی کابینەی حکوومەت لە ٢٠١٠ هاوپەیمانی نیشتیمانی رەتی کردەوە، گوتی (ئەگەر ئەوە پەسەند بکەین عێراق دابەش دەبێت)، بۆیە دەیەوێت ئێستا ئەو پرەنسیبە زیندوو بکاتەوە."
گوتی: "ئێستا ئەو زۆرینەی مەترسیداری سیاسییە لەسەر عێراق، چونکە ئێمە دەزانین زۆرینەی سیاسی پرەنسیبی دیموکراسییە، بەڵام ئەو کەسەی داوای زۆرینەی سیاسی دەکات، دەبێت خۆی کەسێک بێت باوەڕی بە دیموکراسی هەبێت، بەڵام ئەوەی ئەو داوای دەکات، زۆرینەی مەزهەبییە و دواتر ئێمە داوای شەراکەتی ڕاستەقینە دەکەین".
ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە ڕێگای ترمان هەیە، ئەو لێژنانەی دروست کراون بۆ سەردانی بەغدا، ئەگەر توانیان گرفتەکان چارەسەر بکەن، ئێمە بەردەوام دەبین لە پرۆسەی سیاسی.
باسنیوز
