بەرپرسێکی یەکێتی لە هەولێر: باشترە دەست لەکارکێشانەوە ببێتە نەریت
ڕامان مەجید، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی هەولێری یەکێتی، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، نووسینێکی بە ناوی (کامیان باشترە..!!) بڵاو کردووەتەوە و مۆڵەتی بڵاوکردنەوەی بە (باسنیوز) داوە کە تێیدا ئاماژەی بەوە داوە، ”دەست لەکار بکێشیتەوە باشترە یان مەکتەبی سیاسی بە زەمان بگریت و بەری نەدەیت؟ دەست لە کار بکێشیتەوە باشترە یان هەموو ڕۆژێک دۆست و دڵسۆزان سەرکۆنەت بکەن و بڵێن تا کەی دەست لەکار ناکێشیتەوە؟ دەست لە کار بکێشیتەوە بە ڕەخنە گرتنەوە باشترە یان دەست لە کار نەکێشیتەوە و هەر ڕۆژێک حزب تووشی دۆڕانێک و عەیبەیەک بکەیت؟ دەست لەکار بکێشیتەوە باشترە یان لە حزب بیت بە بێ بڕوا و ئیرادە؟“.
هەر لەو نووسینەیدا ڕامان مەجید جەختی لەوە کردووەتەوە: ”دەست لەکار بکێشیتەوە باشترە یان حزب وەک کۆمپانیا و دووکانی هاوبەش ببینیت؟ دەست لەکار بکێشیتەوە باشترە یان بارەگای مەکتەب سیاسیی حزب مانگێ جارێکیش نەبینیت؟ دەست لەکار بکێشیتەوە باشترە یان چاوەڕوانی ڕەحمەتیی کۆنگرە بیت دەرتچوێننەوە یان بە تووڕەیی واز لە حزب بهێنیت؟ دەست لەکار بکێشیتەوە باشترە یان دوعا بکەیت کۆنگرە ڕۆژێک درەنگتر بکرێت تا ڕۆژێک زیاتر پلەدار بیت؟“.
لەبەشێکی دیکەی نووسینەکەیدا، ئەو بەرپرسەی یەکێتی لە هەولێر، باسی ئەو تۆمەتەی کردووە کە پێشتر ئاراستەی هەندێک بەرپرسی باڵای حزبەکەی کراون کە گوایە فایلیان لای حزبی دیکە هەیە، بۆیە دەڵێت: ”دەست لەکار بکێشیتەوە باشترە یان فایل و عەیبی گەورەت هەبێت و ببێتە مایەی تەنازولکردنت بۆ نەیاران؟ دەست لەکار بکێشیتەوە باشترە یان ئەوەندە بێهێز و پیر بووبیت کە مەکتەبەکەت لە بری تۆ سیاسەت بکات و بڕیار دابڕێژێت؟ دەست لەکار بکێشیتەوە باشترە یان سیاسەت بە ئەقلی پۆست و بەرژەوەندیی بکەیت و گوێ بە خەتە سوورەکانی کەرامەت و ئەخلاق نەدەیت؟“
لە کۆتاییشدا جێگری بەرپرسی مەڵبەندی هەولێری یەکێتی پرسیاری ئەوەی کردووە کە بۆچی دەستخۆشی ”لە هەر بەڕێزێک“ نەکەن کە دەست لەکار دەکێشێتەوە و ئازادی بکەن. دەشڵێت: ”تاکوو ببێت بە نەریت، نەک دەست لەکارکێشانەوە ببێت بە مۆتەکە و ترس و کەس دەستبەرداری پۆست نەبێت، بەڵام هەقە ئەو ڕاستییەشمان بیر نەچێت کە نابێت لە هیچ بارودۆخێکدا بە ناهەق ڕابردووی حزب کە بەشێکە لە مێژووی نەتەوە، لە پێناوی جوانکردنی خۆمان ناشرین بکەین“.
ئەم نووسینەی ڕامان مەجید دوای ئەوە هات کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، (باسنیوز) یاداشتی دەست لەکارکێشانەوەی ئازاد جوندیانی لە پۆستی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بڵاو کردەوە. دواتریش فەرید زامدار، نووسەر و شاعیری ناسراوی کوردستان کە ساڵانێکی زۆری تەمەنی لەنێو ڕیزەکانی یەکێتیدا بەسەر بردووە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی زۆر دژایەتیی ئازاد جوندیانییان کردووە“.
باسنيوز
