کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان هەڵدەوەشێتەوە

 کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان هەڵدەوەشێتەوە
لێژنەی پسپۆڕانی پەرلەمانی عێراق بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەدات.



بەپێی زانیارییەکان، ئارام شێخ محەمەد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وەک سەرۆکی ئەو لێژنەیە دیاری کراو، کە کار بۆ دیاریکردنی کۆمیسیارانی نوێی کۆمیسیۆن و پێکهێنانی کۆمیسیۆنێکی دیکە، داندراوە.



ئەو لێژنەیەی ئارام شێخ محەمەد سەرۆکایەتی دەکات، رەزامەندیی لەسەر مەرج و رێکارە پێویستەکانی دەستنیشانکردنی کۆمیسیارەکان نیشانداوە و فۆرمێکیشیان بۆ ئەندامە نوێکانی کۆمیسیۆن ئامادە کردووە.



لێژنەکە لە رۆژانی داهاتوو فۆرمی خۆکاندید کردن بۆ بوونە کۆمیسیاری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان پێشکەش دەکات و وادەیەکیش بۆ خۆکاندیدکردن و هەڵبژاردنی ئەندامانی نوێی کۆمیسیۆن، دیاری دەکات.



دروستکردنی ئەو لێژنەیە دوای خۆپیشاندانی لایەنگرانی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر دێت، کە داوای هەڵوەشاندنەوەی کۆمیسیۆنیان دەکرد و پێیانوایە کۆمیسیۆن کەوتووەتە ژێر هەژموونی نوری مالیکی، جێگری سەرۆک کۆماری عێراق.



رۆژی شەممە 11.2.2017, خۆپیشاندانێكى ملیۆنى له‌سه‌ر داواى موقته‌دا سه‌در، بۆ هەڵوەشاندنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق له‌ به‌غدا به‌ڕێوه‌چوو و خۆپیشانده‌ران چوونه‌ به‌رده‌م ناوچه‌ى سه‌وز، به‌ڵام خۆپیشاندانه‌كه‌ توندوتیژى لێكه‌وته‌وه‌ و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان بۆمبى فرمێسكڕێژیان بۆ خۆپیشانده‌ران هه‌ڵدا و ته‌قیان كرد، له‌ ئه‌نجامدا، وه‌ك وەزارەتی ناوخۆی عێراقی رایگه‌یاندووە، حەوت خۆپیشانده‌ر كوژران و 147 خۆپیشانده‌رى دیكه‌ش بریندار بوون.



باسنيوز
Top