بۆ یەکەمجار ئوسترالیا ناسنامەی له هاوڵاتییەکی خۆی ستاندەوه
بەپێی هەواڵی راگەیاندنەکانی ئوسترالیا، ئەم کەسه ناوی "خالد شروف"ـه و له ساڵی٢٠١٤ وێنەی خۆی منداڵەکانی که سەری بڕاویان بەدەستەوه بووه، بڵاو کردبۆوه.
بەپێی هەواڵێکی "فرانسپرێس"یش، گوتەبێژێکی وەزارەتی کۆچی ئوسترالیا پشتڕاستی کردۆتەوه که له سەرەتای ئەمساڵ مافی هاوڵاتی بوونی ئەم کەسه پووچەڵ کراوەتەوه، بەڵام ئاماژەی به ناوی کەسەکه نەکرد.
خالد شروف به رەگەز لوبنانیه و ٣٥ساڵ تەمەنیەتی و له ساڵی٢٠١٣ به بنەماڵەوه چۆته سووریا.
رۆژنامەی ئۆسترالیایی "ئەستریلین" رایگەیاندووه، هاوسەری شروف ساڵی رابردووه گیانی لەدەست داوه. هەندێک راپۆرت ئاماژەیان بەوه کردبوو که خالد شروف ساڵی رابردوو له هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان له عێراق کوژراوه، بەڵام دواتر چەند هەواڵێکی دژبەیەک لەسەر کوژرانی بڵاوبۆوه، بەڵام تاکو ئێستا کەس ئاگاداری ٥منداڵەکەی نییه.
حکومەتی ئوسترالیا له ساڵی٢٠١٤ یاسای توندی سەبارەت به ئاسایش نیشتمانی پەسەند کرد که یەکێک لەوانه ستاندنەوەی هاوڵاتی بوون له کەسانی خاوەن دوو رەگەزنامەیه.
PAYAMNER-
