"عێراق لە بەرداشی نێوان مالیكی و سەدردا بەرەو كاولبوون دەچێ"
(د. بێریوان خەیلانی)، ئەندامی كوردی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەوەی لە عێراق دەگوزەرێت ململانێیەکی سیاسییە لەنێوان (نووری مالیكی) و (موقتەدا سەدر)دا. هەربۆیە لە كۆبوونەوەكەی 8ـی ئەم مانگەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا سەدرییەكان ڕاگەیەندراوێكیان خوێندەوە، كە تێیدا داوای گۆرانكارییان لە كۆمسیۆندا دەكرد و بەرنامەیەكی نوێیان بۆ هەڵبژاردنی نوێ ڕاگەیاند. هەرچەندە ئەوەی پێشكەشیشیان كرد، ڕاگەیەندراو نەبوو، بەڵكو بەرنامەی كاری هەڵبژاردنی داهاتوو بوو، كە زۆر كەموكوڕیشی تێدابوو. بە بڕوای سەدرییەكان كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لەلایەن دارودەستەی (مالیكی)یەوە كۆنترۆڵ كراوە، بۆیە دەیانەوێت هەم فەرمانبەر و بەرپرسەكانی كۆمسیۆن و هەم یاسای هەڵبژاردنیش بگۆڕن.''
(خەیلانی) گوتی: ''شیعەكان زۆر پەرتەوازەن و هەریەكەیان لەدژی ئەوی دیکە كەوتوونەتە سەنگەرەوە. لە لایەكەوە (مالیكی) پەرلەمانتاری زۆرە و دەستی بەسەر چەند جومگەیەكی هەستیاردا گرتووە، لە لایەکیشەوە سەدرییەكان شەقام دەجووڵێنن و خەڵكانێكی زۆریان لەگەڵە. (مالیكی) بەهەموو هەوڵێكەوە دەیەوێت بگەڕێتەوە سەر دەسەڵات و حكوومەتی زۆرینە دروست بكات. ئەگەر بێت و پلانەكەی (مالیكی) سەربگرێت، ماف و بەشی كورد و سوننە دەفەوتێت. (موقتەدا سەدر)یش ڕكابەرێكی بەهێزی (مالیكی)یە و، كە دەبینێ خەریكە ڕەوشەكەی لەدەست دەردەهێنرێت، بە هەموو توانایەوە دژی (مالیكی) وەستاوە. بەڵام بەوشێوەیەی كە (سەدر)یش دەیەوێت گۆڕانكاری بكات، نابێت و ئەوە كاری پەرلەمانە كە بانگهێشتیان بكات و لێیان بكۆڵێتەوە و بڕیاریان لەبارەوە بدات، یان یاسای هەڵبژاردن بگۆڕێت.''
ئەو ئەندامە كوردەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەیشی دا: ''عێراق لە بەرداشی نێوان (مالیكی) و (سەدر)دا خەریكە بەرەو كاولبوون و نەمان دەچێت و شەڕ و ئاڵۆزییەكی زۆر سەرهەڵدەدات و حكوومەت و پەرلەمان لەكار دەكەوێت، هیچ كامێكیشیان خەمی میللەت و ئازارەكانی میللەتیان نییە، ئەگەر واش بڕوا شیعەكان بە چەك و هێزی چەكدار ڕووبەڕووی یەكتر دەبنەوە. لەولاشەوە سیاسەتی ئیدارەی نوێی ئەمەریكا دژی ئێرانە و ئەوانیش هەردووكیان سەر بە ئێرانن. لێرەدا دەبێ (عەبادی) هەوڵ بدات سەدرییەكان بۆ لای خۆی ڕابكێشێت و شەقام ئارام بكاتەوە و پەرلەمان و حكوومەت لە ئەركی خۆیاندا بەردەوام بن.''
سەبارەت بە ڕۆڵی كورد لەم تەنگژانەدا (د. بێریوان خەیلانی) ڕایگەیاند: ''دەبێ ئێمەی كورد بگەرێینەوە بۆ هەرێم و هەڵویست و قسەی خۆمان یەك بخەین و یەكدەنگ بین، بۆ ئەوەی لەم ململانێیەدا هەم كەمترین زیانمان بەركەوێت، هەم باشترین دەستكەوتیش وەدەست بێنین و، برەو بە پڕۆسە و بەرنامە و هەنگاوەكانی سەربەخۆیی بدەین. نابێ هەروا لە یەکتر دوورەپەرێز بین و دژایەتیی یەكتر بكەین.''
KDP-
