حاکم ئەحمەد: بڕیارە حکوومەت لەوەی ئێستا هەیە کاراتر بکرێت؛ پڕۆسەی چاکسازی قۆناخی دیکەشی دەبێ

 	 حاکم ئەحمەد: بڕیارە حکوومەت لەوەی ئێستا هەیە کاراتر بکرێت؛ پڕۆسەی چاکسازی قۆناخی دیکەشی دەبێ
سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان باس لە قۆناخەکانی پڕۆسەی چاکسازی لە کوردستان دەکات و دەڵێ، بڕیارە حکوومەت لەوەی ئێستا هەیە کاراتر بکرێت.

(حاکم ئەحمەد)، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''دژایەتیی گەندەڵی، پڕۆسەیەکی دوورودرێژە. هەموو ئەو لیژنەنانەی لەلایەن سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە دروست بووە، بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان کار لەسەر ژمارەیەکی زۆر سێکتەر دەکەن؛ لەوانە، کشتوکاڵ، نیشتەجێبوون، کەرتی دەرمان و چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و گۆڕانکاری لە وەزارەت و دەستەکاندا. پاشانیش کۆمەڵێک کۆبوونەوەی هەماهەنگی لەنێوان حکوومەت و لیژنەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمدا دەکرێت.''

سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان دەڵێ: ''پڕۆسەکە هەمەلایەنەیە، چونکە دۆخی کوردستان لەڕووی دارایییەوە پێویستی بە پێداچوونەوە و باشترکردن هەیە، هەربۆیە پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت، هەموو ئەو بابەتەنانەش دەگرێتەوە کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پێوەندییان بە ژیانی خەڵکەوە هەیە، وەکو دووبارە کاراکردنەوەی حکوومەت، بۆ ئەوەی کارەکانیان بە شێوەیەکی باشتر بەڕێ بکەن.''

(حاکم ئەحمەد) گوتی: ''(بارزانی) پشتیوانیی خۆی بۆ هەموو دامودەزگاکانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەربڕیووە، ئەو لیژنانەی لەلایەن سەرۆکایەتیی هەرێمەوە دروست بوون، لەسەر فەرمانی ئەو دروست بوون، ئەویش پشتیوانییان دەکات بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجام و تا ئێستاش قۆناخەکان بەباشی بەڕێوە چوون. هەوڵ دەدەین ئەوەی لە تواناماندا بێت بیکەین، دەمێنێتەوە سەر ئەوەی کە لیژنەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بۆ خێراترکردنی پڕۆسەکە لەگەڵ حکوومەت کۆببنەوە.''

سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەروو: ''لێپرسینەوە بەردەوامە و تۆمەتباران دەبرێنە بەردەم دادگا و گوتەیان لێ وەردەگیرێت، هەندێکیان بە کەفالەت ئازاد دەبن، هەندێکیشیان دەدرێنە دادگا، ئەم پڕۆسەیە بەردەوامە، ساڵێکە ئەم پڕۆسەیە هەیە و هەوڵ دراوە دوای ئەم چاکسازییانە پڕۆسەکە باشتر بکرێت.''

(حاکم ئەحمەد) ڕاشیگەیاند: ''گەندەڵی بە نهێنی دەکرێت. ئەم چاکسازییە وادەکات لە داهاتوودا کەم گەندەڵی بکرێت و، بڕیاریشە حکوومەت ژمارەیەکی زۆری دامودەزگاکانی خۆی ڕەشیق بکاتەوە، هەرچەندە ئەمە ژمارەی وەزارەتەکان ناگرێتەوە، چونکە بەپێی یاسا دانراون، بەڵام بڕیارە حکوومەت لەوەی ئێستا هەیە کاراتر بکرێت و ژمارەیەکی زۆری بەڕێوەبەرایەتییەکان ڕەشیق بکرێنەوە و، پڕۆژەی چاکسازی قۆناخی دیکەشی دەبێت.''
KDP-
Top