محەمەد بازیانی: بەشداریی بارزانی لە کۆنگرەی میونشندا گرینگە؛ تا کورد نەبێتە دەوڵەت ناوچەکە ئارام نابێتەوە
(محەمەد بازیانی)، چاودێری سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''هەرێمی كوردستان لەڕووی ئاسایشی نەتەوەیییەوە سەنتەرێكی ستراتیژییە، نەك تەنیا بۆ كورد، بگرە بۆ وڵاتانی ناوچەكەش. تەنانەت شەڕی نێوان ئێران و عێراق لە دەرئەنجامی چارەسەرنەكردنی كێشەی كورد بوو؛ کە لە ڕێكەوتنی ١١ی ئاداری ساڵی ١٩٧٤دا بەڵێن درا، لە چوارچێوەی ئەو ڕێكەوتنەدا كێشەی كورد لە عێراقدا چارەسەر بكرێت، کەچی نەكرا و، بەوهۆیەوە شەڕ لە ناوچەكە ڕووی دا. نەمانی (سەدام حسێن)یش پێوەندیی بە چارەسەرنەكردنی كێشەی كورد لە عێراقدا هەبوو. مەبەستم ئەوەیە، دوای هاتنی داعش، ناوچەكە ستراتیژییەكی گەورەی هەیە، بەتایبەتی هەرێمی كوردستان، چونکە ئێستا ئاسایشی نەتەوەییی هەمووی جیهان بە هەرێمی كوردستانەوە بەستراوەتەوە، لێرە ئاسایش سەقامگیربێت، كاریگەریی لەسەر ناوچەكە و جیهان دەبێت.''
ئەو چاودێرە گۆتی: ''بەشداریكردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەی میونشندا، وەك سەرۆكی یەکێک لەو وڵاتانەی بەشداری لە كۆنگرەیەكی وەها گرینگ، دەربارەی ئاسایشی نەتەوەیی لەسەر ئاستی جیهاندا دەکەن، بە بۆچوونی من، پێشبینی ئەوەی لێ دەكرێت، کە لە داهاتوودا كورد دەبێتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی و، ڕۆڵی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەو كۆنگرە و كۆبوونەوانەدا گرینگە.''
(محەمەد بازیانی) دەشڵێت: ''من پێشبینی ناكەم، هیچ وڵاتێك لەسەر سینییەكی زێڕین دەوڵەتی كورد پێشكەش بە ئێمە بكات. بگرە، دەبێ خۆمان سەربەخۆییی خۆمان ڕابگەیەنین. پێموایە ئێمە کە ئێستا دەوڵەتمان نییە و ئەو ڕۆڵە گرینگەمان لەسەر ئاستی جیهان هەیە، ئەگەر دەوڵەتی خۆمان هەبێت، زیاتر لە پێگەی جیهاندا ڕۆڵمان دەبێت و، ئەو كۆنگرەیەش کورد هان دەدات بۆ ئەوەی لە سەقامگیریی ناوچەکەدا ڕۆڵی هەبێت.''
KDP-
