بریمۆ: پێشمەرگەی ڕۆژ تێکەڵ بەهیچ هێزێکی سووریا نابێت و فەرمانیشیان لێ وەرناگرێت

بریمۆ: پێشمەرگەی ڕۆژ تێکەڵ بەهیچ هێزێکی سووریا نابێت و فەرمانیشیان لێ وەرناگرێت
ئەندامێكی سەركردایەتیی ئەنەكەسە ڕوونی كردەوە، پێشمەرگەی ڕۆژ لە كاتی گەڕانەوەیدا تێكەڵ بە هیچ هێزێكی دیكەی سووریا و ڕۆژئاوای كوردستان نابێت. پێشمەرگەی ڕۆژ بە شێوەیەكی سەردەمیانە مەشق و ڕاهێنانیان پێ كراوە و ئامادەن بۆ جەنگ.

(نووری بریمۆ)، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستانی - سووریا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''وەک پێشتر ئاماژەمان پێ كردبوو، لەشكری ڕۆژ دەگەڕێتەوە نێو خاكی سووریا و، لە ڕۆژئاوای كوردستان ئەركی پاراستنی ناوچەكە وەئەستۆ دەگرێت. بەڵام لەشكری ڕۆژ تەنیا بە ڕێكەوتنی نێودەوڵەتی دەگەڕێتەوە و تێكەڵی هیچ هێزێكی سەربازیی دیكەی سووریا و ڕۆژاوای كوردستان نابێت و، فەرمانیش لە كەس وەرناگرێت.''

دەربارەی داوای پەیەدە، کە دەخوازێت لەشکری ڕۆژ لەگەڵ سوپای سووریای دیموكرات تێکەڵ بكرێت، سەركردەكەی ئەنەكەسە گوتی: ''ئێمە بە مەرجێك ڕازی دەبین، کە شەریک بین، نەك تێكەڵی هێزەكانی دیكە ببین. خۆ ئێمە پەیەدە نین، هەرجارە و ناوێكی عەرەبی بۆ هێزەكانمان دابنێین، پێشمەرگە، ناوی خۆی هەیە و هیچ ناوێكی دیكە قبووڵ ناكەین.''

(نووری بریمۆ) دەشڵێ: ''لەشكری ڕۆژ پڕچەك كراوە و مەشق و ڕاهێنانی پێ کراوە و ئامادەیە بۆ پاراستنی خاكی كوردستان. ئێستاش پێشمەرگەكانی لەشكری ڕۆژ لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعشدا بەشدارن و، تا ئێستا ٤٥ شەهیدیان بە خاکی پیرۆزی کوردستان بەخشیوە.''

KDP-
Top