سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە وەزیری بەرگریی بریتانیا دەكات
لە دیدارەكەدا وەزیری بەرگریی بریتانیا وێڕای بەرزنرخاندنی ڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستان پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی لە سەرۆك بارزانی كرد و پرسە و سەرەخۆشیی خۆیشی بۆ كەسوكاری شەهیدانی پێشمەرگە ڕاگەیاند. هەروەها پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ هێزی پێشمەرگە دووپاتكردەوە.
هەر لەم دیدارەدا قۆناغەكانی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ خرایە بەر باس و گفتوگو و هەردولا بیروبۆچوونی خۆیان لەبارەی قۆناغی دوای داعش و تەحەدیاتی ئەو قۆناغە و ڕۆڵی پێكهاتەكان و حكوومەتی عێراقی و حكوومەتی هەرێم و هاوپەیمانان هەروەها دابینكردنی ئاساییش و چۆنییەتی بەڕێوەبردنی پارێزگای نەینەوا خستەڕوو.
لەو كۆبوونەوەەدا هەردوولا پێزانینیان بۆ هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقی هەبوو و شاندی میوان جەختی لە بایەخی بەردەوامبوونی ئەو هەماهەنگییە كردەوە.
بارودۆخی سیاسیی عێراق و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەكانی سووریا تەوەرێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە بوو.
PAYAMNER-
