وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا: بەردەوام دەبین لە پشتیوانی كردنی پێشمەرگە

وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا: بەردەوام دەبین لە پشتیوانی كردنی پێشمەرگە
وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا لە ڕێگەی جێگری سەرۆكی لاوانی جیهانه‌وه‌، پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەشەڕی دژ بە تیرۆر دووپات كردەوە.



بەداوەتی فەرمی ئەنجوومەنی سەركردایەتی لاوانی ئیتاڵیا و بە نوێنەرایەتی لاوانی جیهان، "فەلاح حەسەن" جێگری سەرۆكی لاوانی جیهان بەشداری كۆبوونەوەی ساڵانەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی لاوانی ئیتاڵیای لە ڕۆمای پایتەخت كرد.



لەچوارچێوەی ئەو سەردانەشدا ئەنجیلینۆ ئەلفانۆ، وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا پێشوازی لە "فەلاح حەسەن"، جێگری سەرۆكی لاوانی جیهان كرد، لەو دیدارەدا ئەلفانۆ باسی قارەمانییەتی هێزی پێشمەرگە و خۆڕاگری گەلی كوردستانی بۆ ئەو لاوە كوردە كرد.



لەبارەی مەترسییەكانی وڵاتانی دەوروبەریش بۆ پرسی سەربەخۆیی كوردستان، فەلاح حەسەن بە وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیای گوت :" بە بەرەنگاربوونەوەی تۆڕی تیرۆریستی داعش، گەلی كورد سەلماندی هەوڵی پاراستنی خۆی نادات بەتەنها، بەڵكو هەوڵی پاراستنی ئاسایشی وڵاتانی دەوروبەریشی دەدات، بۆیە پێویستی بە پیشتیوانی زیاتری ئیتاڵیا و وڵاتانی دیكەی ئەوروپایە".



لە بەرامبەردا وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا جگە لە دووپاتكردنەوەی پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شەڕی تیرۆر، لە ڕێگەی ئەو لاوە كوردە داوای لە لاوانی كوردستان كرد شەڕ بكەن بۆ بەدەستهێنانی مافی ڕەوای خۆیان و بە هێزەوە بەردەوام بن تا دەگەنە ئامانجی كۆتایی.

bas news -
Top