بەھۆی داخستنی کەناڵە ناوخۆییەکان لاوانی سۆران نووسراوێک دەدەنە لایەنی پەیوەندیدار

بەھۆی داخستنی کەناڵە ناوخۆییەکان لاوانی سۆران نووسراوێک دەدەنە لایەنی پەیوەندیدار
بەھۆی داخستنی کەناڵە ناوخۆییەکان لە چەند ناوچەیەک، ناڕەزاییەکی زۆری دانیشتوانەکانیانی لێ دەکەوێتەوە.

لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ناوچەکانی سۆران، ڕواندز و باڵەکایەتی بە ھۆی داخستنی کەناڵە ناوخۆییەکان لە لایەن دانیشتوانی ئەو ناوچانەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕەخنە و ناڕەزایی خۆیان لە بەرامبەر کاری کۆمپانیاکانی گەیاندن دەردەبڕی.

ئەمڕۆ یەکشەممە 12/2/2017، لە لایەن یەکێتیی لاوانی سۆران، وەک نوێنەرانی تەواوی لاوانی سۆران نووسراوێکیان پێشکەش بە قایمقامیەتی سۆران کردووە.

وەک لە نووسراوەکەیاندا ھاتووە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەییەکی زۆری لاوانی دەڤەرەکە ھانایان بۆ ئەوان ھێناوە کە بەدەنگیانەوە بێن، چونکە بە ھۆی داخستنی ئەو کەناڵە ناوخۆییانە، لاوانی ناوچەکە بێبەش دەبن لە بینینی خولە جیھانییەکانی تۆپی پێ.

لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، کە لە بازاڕەکانی ئەو ناوچانە جۆرە ئامێرێک کەوتۆتە بازاڕەوە کە نرخەکەی 95 ھەزار دینارە، کە دەتوانن بەھۆی ئەو ئامێرەوە تەواوی یارییەکانی تۆپی پێ ببینن، بەڵام لاوان ھێمایان بۆ ئەوە کردووە، کە نرخی ئامێرەکە زۆر گرانە و لە ھەمان کاتیشدا لە شاری ھەولێر پەخشی ئەو کەناڵانە ھەر بەردەوامە و دەڵێن: "بۆچی تەنیا ئەو ناوچانە بێ بەش کراون؟".
bas news -
Top