بەریتانیا: پێشمەرگە سەرمەشق و نموونەی ئازایەتیی خەڵکی کوردستانن
مایکل فالن، وەزیری بەرگریی بەرتیانیا باس لە قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکات و دەڵێت: "پێشمەرگە سەلماندی لە ناوچەکە ڕۆڵی قارەمانانەی هەیە".
ئەمڕۆ یەکشەممە (12\2\2017)، مایکل فالن، وەزیری بەرگری بەریتانیا پاش دیداری لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لەناو سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگە، گوتی: "ئێمە هاتووین تا سوپاستان بکەین، ڕێزی تایبەتم هەیە بۆتان و دونیا دەزانێت چیتان کردووە، بەهۆی ئێوەوە داعش ئێستا 10%ی شوێنەکانیان لەدەستە، زیانی زۆریان پێ گەیشتووە، ئێستاش خەڵک دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ سەر زێدی خۆی، هیچ هێزێک پێشبینی ئەوەی نەکرد شەڕی داعش ئاوا بە زوویی کۆتایی بێت".
وەزیری بەرگریی بەریتانیا گوتی "راستە شەڕی داعش پرۆسەیەکی لەسەرخۆیە، بەڵام سەرکەوتوو بووە، زۆربەی شوێنەکان ئازاد کراون، ئێمە جەخت لەسەر پێویستیی گەڕانەوەی خەڵک دەکەینەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان".
گوتیشی: "ئێمە بەردەوام دەبین لە هاوکاریکردنی پێشمەرگە، ئەو شەڕەی ئێوە دەیکەن شەڕی ئێمەشە، ئەو دڕەندەیەی شەڕی لەگەڵ دەکەن، تەنیا زەرەی بۆ ئێوە نییە، بەڵکوو بۆ ئێمەش زەرەری هەیە، لەبەر ئەوەی شانازی بە ئێوەوە دەکەین و بەردەوام دەبین لە هاوکاریی پێشمەرگە، بەتایبەت مەشق و ڕاهێنان کە تا ئێستا ٧ هەزار پێشمەرگە مەشقی پێ کراوە".
ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە جگەلە هاوکاری لەڕێگای ئاسمانییەوە لە لایەنی مرۆڤایەتیشەوە دەمانەوێت هاوکاریی ئەوانە بکەین کە ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێ هێشتووە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە، وەک لادانی لوغمەکان و دابینکردنی ئاوی خاوێن و خواردنەوە تا ئەمن و ئاسایش بگەڕێتەوە".
ئەوەشی ئاشکرا کرد "من بەناوی خەڵکی بەریتانیاوە، سوپاسی ماندووبوونتان دەکەم، ئێوە نموونەن بۆ ئەو خەڵکانەی شەریکتانن، ئێوە لە ساڵی 2015 هێرشی داعشتان وەستاند، لە 2016 داعشتان دەربەدەر کرد لە 2017 سەیرتان دەکەین بۆ بنبڕکردنی داعش.
bas news -
