پێش وه‌رزى هاوین پلانی چارەسەری خێرا بۆ كێشەی ئاو دادەنرێت

پێش وه‌رزى هاوین پلانی چارەسەری خێرا بۆ كێشەی ئاو دادەنرێت
سەرباری قەیرانی ئابووری هەرێمی كوردستان، بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاو لە شار و شارۆچكه‌كان بە پرۆژەكانیان ئاوی پاكی خواردنەوە دەگەیننە هاوڵواتیان، لە ئەگەری هاتنە پێشەوەی كێشەی بێ‌ ئاوی لە وەرزی هاویندا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار پلانی خێرا بۆ چارەسەری دادەڕێژێ‌.



ئەندازیار مەسعود محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ بەڕێوەبەرانی ئاوی شار و شارۆچكەكان كۆبوەوە، لەو كۆبوونەوەیەدا دانانی پلانی خێرا بۆ چارەسەری كێشەی ئاو لەهەندێ‌ ناوچە و شار و شارۆچكەی هەرێمی كوردستان لە وەرزی هاویندا، گفتوگۆی لەبارەوە كرا.



لە لێدوانێكیدا بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند :" لەگەڵ هاتنە پێشەوەی هەر كێشەیەكی ئاو لەهەر ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان لە وەرزی هاویندا، هەوڵدەدەین لە زووترین كاتدا بەپێی توانا چارەسەری بكەین، ئەو كۆبوونەوە فراوانەش بۆ دانانی پلانی خێرا بوو بۆ ئەوه‌ى هەندێ‌ لەو ناوچانەی كێشەی ئاویان بۆ دروست دەبێت، كێشه‌كه‌یان چاره‌سه‌ر بكرێت".
bas news -
Top