ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی: گۆڕانکاری لە پۆستە حکوومییەکانی پارتیدا دەکرێت
عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتیی کوردستان، ڕاگەیاند: "ئەو گۆڕانکارییانەی پارتی دەستی پێ کردووە، ئەو پۆستانەی پارتیش دەگرێتەوە کە لە حکوومەتدا هەیە، دیراسەی ئەو پۆستانە دەکات، بیر لەوە دەکاتەوە کام لەو پۆستانەی کە لە حکوومەتدا ھەیەتی، پێویستییان بە گۆڕانکاری و چاکسازی ھەیە، ئەوانی دیکەش گرێدراوە بە هەندێک پرسی پەیوەندیدار بە خودی حکوومەتەوە”.
ئەوەشی ڕوون کردەوە: “لە کاتی گۆڕانکارییە ئیدارییەکانی ناوخۆی پارتیدا، گفتوگۆ لەسەر ئەوەکرا کە پێویستە گۆڕانکارییەکان لە نێو پۆستە حکوومییەکانی پارتیشدا ئەنجام بدرێت، بەڵام ئێستا پارتی بیر لەوە دەکاتەوە کە کێ بگۆڕێت و چۆن بیگۆڕێت؟ ھەروەھا کێ بکرێتە جێگرەوەی ئەو کەسانەی لادەبرێن".
ھێمای بۆ ئەوەش کرد: "دەبێت ئەو کەسەی بۆ پۆستی وەزیر یا پۆستێکی نێو پەرلەمان ھەڵدەبژێردرێت، توانای ھەڵگرتنی بەرپرسیارییەتی ھەبێت".
ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر پارتی دیموکراتیی کوردستان، گۆڕانکاری لە ژمارەیەکی بەرچاوی لق و مەکتەبە حزبییەکاندا گۆڕیوە و بەرپرسی بەشێکی بەرچاوی لقەکانیشی ئاڵوگۆڕ کردووە.
باسنيوز
