وەزارەتی ئەوقاف: تیروپشک بۆ وەرزی حەجی 2017 و دوو ساڵی دیکە دەکەین
نەبەز ئیسماعیل، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، ڕاگەیاند، کاتژمێر 11ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 12\2\2017، ناوی سەرجەم ئەو کەسانە بڵاو دەکرێتەوە کە فۆرمی تایبەت بە فەریزەی حەجیان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان پڕکردووەتەوە. گوتیشی: ”ئەمساڵ 86 ھەزار و 418 کەس ناویان تۆمار کردووە، ئەمڕۆ ناوەکان بڵاو دەکەینەوە، بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی ناویان تۆمار کردووە، دڵنیاببنەوە لەوەی ناوەکانیان دەچێتە تیروپشکەوە“.
جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەو کەسانەی ناویان لە لیستەکەدا دەرناچێت، دەتوانن لە ماوەی هەفتەیەکدا سکاڵا تۆمار بکەن، بۆ ئەوەی ناوی ئەوانیش بچێتە تیروپشکەکەوە. گوتیشی: ”دواتر تیروپشک بۆ ساڵی 2017 و 2018 دەکەین، ھەرچەندە تائێستا یەکلایی نەبووەتەوە، بەڵام ئەگەرێکی زۆر ھەیە تیروپشک بۆ ساڵی 2019ش بکەین".
نەبەز ئیسماعیل ئەوەشی ڕوون کردەوە کە ساڵی ڕابردوو 3 ھەزار و 658 حاجی لە ھەرێمی کوردستان گەشتی حەجیان کردوو، بەڵام ئەمساڵ ڕێژەکە زیاد دەکرێت و 4 هەزار حاجی دەتوانن گەشتی حەج بکەن.
باسنیوز
