ئەحمەد تورک: بەشێكی دڵم لەنێو زیندان ماوەتەوە

ئەحمەد تورک: بەشێكی دڵم لەنێو زیندان ماوەتەوە

ئەحمەد تورک سەرۆکی پێشووی شارەوانی ماردین لەدوای ئازادکردنی لە زیندان، رایدەگەیەنێ هێشتا بەشێکی دڵی ھەر لە لای بەندیخانەیە، چونكە وەك خۆی دەڵێ ژمارەیەکی زۆری ئەندامان و سەرۆکی شارەوانی و رۆژنامەوانان لە بەندیخانەكانی توركیا ماون.


ئەمڕۆ شەممە گرووپێک کە پێکھاتبوون لە چەند كەسایەتییەكی باكووری كوردستان، لەوانەش زولفو لیوانەلی، تەرھان ئەردەم، ئەکن بیردال و زیا خالس لە ماڵەكەی خۆیدا سەردانی ئەحمەد توركیان كرد.


ئەحمەد تورک خۆشحاڵی خۆی لە سەردانەکە دەربڕی و بەمیوانەكانی راگەیاند كە توركیا بەرەو دۆخێکی نەخوازراو دەڕوات.


تورک گوتی "لە بەندیخانە ھاتمە دەرەوە، بەڵام بەشێکی دڵم ھەر لە لای بەندیخانەیە. ژمارەیەکی زۆری ئەندامان و سەرۆکی شارەوانی و رۆژنامەوانان لە بەندیخانەن. تاکە رێگە دەستەبەرکردنی ئاشتییە. ھیچ چارەسەرێکی دیکە نییە بەدەر لە چارەسەرکردنی کێشەکان بە عەقلێکی ھاوبەش".


لە دوای سەردانەکە، زولفو لیوانەلی گوتی "لەم دۆخە بارگرژییەی تورکیا و بە مەبەستی بەھێزکردنی پەیوەندییەکان و دانانی دیالۆگ ھەوڵی دەدەدین و بۆ ئەمەش رێگایەکمان گرتووەتەبەر".


لیوانەلی راشیگەیاند کە ناردنی پەیامی ئاشتی لەلایەن تورک لە دوای ئازادکردنی جێگەی رێز و دەستخۆشییە.


لە رێکەوتی ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ سەرۆکی شارەوانی پێشووی ماردین ئەحمەد تورک لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە لەسەر کارەکەی لادرا و لە ٢١ی تشرینی دووەمیش لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە تیرۆر دەستگیر کرابوو. ئەحمەد تورک لە ٢٤ی تشرینی دووەم بڕیاری دەستەبەرکردنی لە لایەن دادگاوە بۆ دەرچوو بوو.
bas news-
Top