پەیەدە سێ سەركردەی دیكەی ئەنەكەسەی دەستگیر كرد

پەیەدە سێ سەركردەی دیكەی ئەنەكەسەی دەستگیر كرد
بەرپرسی نووسینگەی ئەنەكەسە لە ھەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: "دوای ئەوەی پەیەدە لە چەند رۆژی رابردوودا شەش زیندانیی ئێمەی ئازاد كرد، لە ئێستادا سێ سەركردةی دیكەی ئێمەی دەستگیر كردووە، بۆیە پرۆسەی گرتن و ئازادكردن لەلایەن پەیەدەوە بەردەوامە بە بێ ھیچ ھۆكارێك و تەنیا لەسەر بیروڕای سیاسییە".

(خالید عەلی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "چەكدارانی پەیەدە، (فادی مەرعی) ئەندامی سەركردایەتیی رەوتی داھاتوو و ئەندامی ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنەكەسە لە سووریا لەسەر رێگای قامشلۆ _گركێلەكێ قۆڵبەست كردووە و، (حوسێن سلێمان)ـی ئەندامی لیژنەی ناوخۆیی پەدەكەسەیشیان لە دووڕێیانی گوندی زەخیری سەر بە شاری چل ئاغا لە كاتی ئەوەی سەردانی ئەو شەش كەسەی كردووە كە پێش چەند رۆژێك ئازاد كران، دەستگیر كردووە".


(عەلی) گوتیشی: "چەكدارانی پەیەدە ئەندامی یەكێتیی كوردی لە سووریا لە ناوچەی كركێلەك (حوسێن عومەر)ـیان رفاندووە و بەرەو شوێنێكی نادیاریان بردووە كە تا ئێستا چارەنووسی دیار نییە".


ئەو هەروەها زیاتر گوتی: "ئەو كارەی پەیەدە سەركۆنە دەكەین و بە ھیچ شێوەیەك لەگەڵ بنەماكانی دیموكراسی یەك ناگرێتەوە و خزمەت بە دۆزی گەلی كورد ناكات، بۆیە داوا لە گەلی كورد و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكەین گوشار لەسەر پەیەدە دروست بكەن بۆ ئەوەی لەو كارانەی پاشگەز بێتەوە و زیندانیانی ئێمەیش ئازاد بكات".


پێش چەند رۆژێك، پەیەدە شەش زیندانیی ئەنەكەسەیان لە زیندان ئازاد كرد، بەڵام ئێستا سێ ئەندامی دیكەی ئەنەكەسەیان دەستگیر كردووە.

kdp-
Top