لە خورماتوو بڕیار بۆ دروستکردنی لیژنەیەک درا؛ هێشتا دۆخی شارەکە نالەبارە

 	 لە خورماتوو بڕیار بۆ دروستکردنی لیژنەیەک درا؛ هێشتا دۆخی شارەکە نالەبارە
بەرپرسی ناوچەی خورماتووی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، ئەمڕۆ وەفدێكی مەرجەعی باڵای شیعە سەردانی شاری خورماتووی كرد و، لەگەڵ سەرجەم هێز و لایەن و بەرپرس و كەسایەتییەكانی شارەكە كۆبووەوە و، بڕیار درا، لیژنەیەكی بڕیاربەدەست لە سەرجەم كێشەكانی شارەكە بكۆڵێتەوە و كێشە نەتەوەیی و مەزهەبییەكان چارە بكات.

(ئەحمەد شێخ لەنگەری)، بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''هەفتەیەك لەمەوبەر وەفدێكی عەشایەری شاری خورماتوو سەبارەت بە دۆخی شارەكە سەردانی حەوزەی عیلمییەی شیعەی كرد و لەگەڵ مەرجەعی باڵای شیعەكان، (سیستانی) كۆبووەوە. ئەمڕۆش وەفدێكی مەرجەعی باڵای شیعە سەردانی شاری خورماتووی كرد و لە باڵەخانەی قایمقامییەتی خورماتوو لەگەڵ سەرجەم هێز و لایەن و بەرپرس و كەسایەتییەكانی شارەكە كۆبووەوە.''

(شێخ لەنگەری) گوتی: ''لە كۆبوونەوەكەدا سەرلەبەری ئەو كارە نابەجێیانە خرانە بەرباس، کە چەند ساڵێكە لەلایەن گرووپە توركمانییە شیعەكانەوە دەكرێن و، داوای چاركردنیان كرا. وەفدەکەی شیعەش قسەی باش و خێریان پێ بوو، باسیان لە برایەتیی كورد و شیعە كرد و، پێداگرییان کرد، کە ئەو برایەتییە زیندوو بكرێتەوە.''

سەبارەت بە ئەنجامی كۆبوونەوەكە، (شێخ لەنگەری) ئاشكرای كرد: ''لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا گەیشتینە ئەو ئەنجامەی لیژنەیەكی بڕیاربەدەست لە شارەكەدا پێك بهێنرێت، بۆ ئەوەی لیژنەیەكی دیکە دروست بكات، ئەو لیژنەیەش لە سەرجەم كەموكورتی و كێشەكانی شارەكە بكۆڵێتەوە و كێشە نەتەوەیی و مەزهەبییەكانی شارەكە چارە بكات. وەفدەكەش بەڵێنیان دا، جارێكی تر ڕێ نادەن شەڕ و ئاڵۆزی لە شارەكەدا دروست ببێتەوە.''

بەرپرسی ناوچەی خورماتووی پارتی ئاماژەیشی دا: ''ئێستا دۆخی شارەكە هەروەكو خۆی ئاڵۆزە و، كوردانی خورماتوو وردەوردە شارەكە بەجێ دێڵن و ڕفاندن و كوشتن و هەڕەشە و تیرۆر بەردەوامە. میلیشیاكانیش هەر خەریكی خۆقایمكردن و ساتر دانانن. ئێمەش چاوەڕوانین بزانین ئەم هەوڵانە بەكوێ دەگات.''
kdp-
Top