وەزیری بەرگریی بەریتانیا سەردانی هەولێر دەکات

وەزیری بەرگریی بەریتانیا سەردانی هەولێر دەکات
وەزیری بەرگریی بەریتانیا سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە.



بڕیارە رۆژی شەممە 11.2.2017، مایکڵ فالۆن، وەزیری بەرگریی بەریتانیا بە سەردانێک بگاتە شاری هەولێر و تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکانیشی، پێشهاتەکانی شەڕی دژی رێکخراوی توندڕەوی داعش دەبێت.



چاوەڕوان دەکرێ مایکڵ فالۆن لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆ ببێتەوە.



بەپێی زانیارییەکان، وەزیری بەرگریی بەریتانیا و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان تاوتوێی پەیوەندییەکانی هەولێر و لەندەن دەکەن، جگە لە هاوکارییەکانی ئەو وڵاتە بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان.



بەریتانیا لەسەرەتای هێرشی داعش بۆ سەر کوردستانی باشوور، بە بەشداریکردن لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و بۆردومانکردنی ئاسمانیی بنکە و بارەگاکانی داعش و ناردنی هاوکاریی سەربازیی و راوێژکاری سەربازی بۆ مەشقکردن بە پێشمەرگە، هاوکاریی هەرێمی کوردستان دەکات.



لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەسهێنان و شکستی سوپای عێراق، چەکدارانی داعش زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنباریان داگیر کرد.






باسنيوز
Top