لایەنگرانی یەکێتی داوایەک ئاراستەی حیزبەکەیان دەکەن

 لایەنگرانی یەکێتی داوایەک ئاراستەی حیزبەکەیان دەکەن
ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، داوا دەکەن حیزبەکەیان کۆتایی بە کێشە نێوخۆییەکان بێنێت، بەشێکیشیان رێککەوتن لەگەڵ پارتی بە باش دەزانن بۆ چارەسەری کێشەکان.

كۆبوونەوەی ئەمجارەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە ماڵی مام جەلال، بۆ یەكلاییكردنەوەی رێكەوتنە لەگەڵ پارتی، یان گۆڕان. بڕیارەکە هەرچۆنێکیش بێت بۆ خەڵكی پارێزگای سلێمانی چارەنووسسازە.

هێرش هەمەوەندی، وەكو لایەنگرێکی یەکێتی کە دەنگی بەو حیزبە داوە، رای وایە یەكێتی رێكکەوتنە لە مێژینەكەی لەگەڵ پارتی تووندوتۆڵتر بكاتەوە.

هێرش دەڵێ "كۆبوونەوەكەی یەكێتی دەبێت ببێتە خاڵی یەكلاكردنەوەی رێكکەوتنەكانی یەكێتی، هەرچەندە من رێكەوتن لەگەڵ گۆڕان بە گرنگ دەزانم، بەڵام بەو پێیەی یەكێتی لەگەڵ پارتیدا ساڵانێكی زۆر رێكکەوتنیان هەبووە، هەروەها پاراستنی كوردستان و سنوورەكانیان لەسەرشان بووە، پێم باشە یەكێتی رێكکەوتنەكەی لەگەڵ پارتی باشتر بكات".

جگە لە لایەنگرانی یەكێتی، هەندێك لە لایەنگرانی بزووتنەوەی گۆڕانیش چاوەڕوانی ئەنجامی ئەو كۆبووەنەوە یەكێتی دەكەن، ئەوانیش بەهیوای ئەوەن رێكکەوتنی بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ یەكێتی، بابەتی كۆبوونەوەكە بێت.

فەرمان عەلی، لایەنگری بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێ "چاوەڕوان دەكەم كۆبوونەوەكەی یەكێتی ئەمجارە، بۆ ئەوە بێت رێكکەوتنەکەی لەگەڵ گۆڕان گرنگی زیاتری پێبدرێت و كاری پێبكرێت، ئەوەش لە بەرژەوەندی خەڵك و بژێوییاندایە، چونكە ئێستا خەڵك توانای چاوەڕوانییان نەماوە و، ماندوون، رێكکەوتنی گۆڕان و یەكێتیش كاریگەری لەسەر بژێوی ژیانی خەڵك دروست دەكات".

سلێمانی وەكو پێشتر تەنیا زۆنی سەوز نییە، چونکە نیلیش بووەتە بەشێكی ئەو زۆنە، ئەمەش وا دەكات هەر هەنگاوێكی ئەو زۆنە لەڕووی سیاسی و ئابوورییەوە بەبێ‌ لایەنە نیلییەكە، كێشە بۆ لایەنە سەوزەكە دروست بکات، یەکێتیش پێیەكی لەنێو حكومەتە و، شەریكی پارتییە، هەروەها لە بۆچوونی سیاسییەوە شەریكی گۆڕانە، بۆیە ئەم هاوكێشەیە پێویستی بە دەنگی یەكلاییكەرەوەی یەكێتییە.




رووداو
Top