فراکسیۆنە کوردستانییەکان جەخت لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كەركووك دەكەنەوە
لە ڕاگەیەندراوێكی نووسینگەی ڕۆژنامەوانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، كە وێنەیەكی بۆ (باسنیوز) نێردراوە هاتووە "پێشنیوەڕۆی دوێنێ 9/2/2017 جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆكی فراكسیۆنە كوردستانییەكانی پارتی و یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو بەمەبەستی یەكخستنی هەڵوێستی كورد لەبارەی چەند پرسێك كۆبوونەتەوە".
بەپێی ڕاگەیەندراوەكە "بەشێكی كۆبوونەوەكە تەرخان كراوە بۆ پرسی كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و داواكارییەكانی گۆڕینی كۆمیسیۆنەكە و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان و ئامادەبوان پێكەوە بڕیاریان دا نەبنە بەشێك لەو ململانێیەی هەیە و دژی داواكاریی گۆڕینی كۆمیسیۆن نەوەستنەوە، لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنیش لە پارێزگای كەركووك، جەخت لە زەروورەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە كەركووك كرایەوە لەگەڵ لابردنی هەموو ئەو كۆت و بەندانەی كە دۆخێكی تایبەت دەدات بە شارەكە".
پەیوەندیدار بە پرسی یاسای كارگێڕیی دارایی عێراق "ئامادەبوان بڕیاریان دا نامەیەك ئاراستەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەن تا لیژنەیەكی هونەریی تایبەت ڕەوانەی بەغداد بكەن بۆ هەماهەنگیكردن و تێپەڕاندنی پرۆژەكە بەو شێوەیەی كە لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندایە".
bas news-
