هەزار پێشمەرگەی عەرەب مەشقیان تەواو کرد؛ دوو هەزاری دیکەش ماون

هەزار پێشمەرگەی عەرەب مەشقیان تەواو کرد؛ دوو هەزاری دیکەش ماون
فەرماندەی لیوای پێشمەرگە عەرەبەکان ئاشکرای کرد، ئێستا کار بۆ دابینیکردنی پێداویستییە سەربازییەکانی ئەو ھەزار پێشمەرگەیە دەکرێت، کە مەشق و ڕاھێنانیان تەواو کردووە و، ھەر لەم مانگەشدا ھەزار پێشمەرگەی دیکە دەست بە مەشق و ڕاھێنان دەکەن.

عەمید (بڵند حەسیب)، فەرماندەی لیوای پێشمەرگە عەرەبەکان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ھەزار پێشمەرگەی ئێمە مەشق و ڕاھێنانیان تەواو کردووە و ئێستا چوونەتە ماڵەوە بۆ ئەوەی پێداویستیی سەربازییان بۆ دابین بکرێت و دواتر لە سنووری ڕەبیعە و زوممار ئەرکیان پێ دەسپێردرێت.''

فەرماندەی لیوای پێشمەرگە عەرەبەکان دەشڵێ: ''مەشق و ڕاھێنانی ئەم لیوایە، کە لە سێ ھەزار کەس پێکدێت، بەردەوام دەبیت و، ئێستا ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەوەی لەم مانگەدا ھەزار کەسی دیکە مەشق و ڕاھێنان بکەن، کە ماوەی ٤٠ ڕۆژ خەریکی مەشق و ڕاھێنان دەبن و، دواتریش وەجبەی سێیەم، واتە دواین وەجبە مەشق و ڕاھێنان دەکەن.''
kdp-
Top