"گۆڕانکارییە نێوخۆییەکەی پارتی هەموو ئۆرگانەکان دەگرێتەوە؛ پارتی خۆی بۆ قۆناخی دوای داعش ئامادە دەکات"

پێوەست بە گۆڕانکارییە نێوخۆییەکەی پارتی هەریەک لە (د.محەمەد خورشید) بەرپرسی لقی ٣ی پارتی لە کەرکووک و (عەلی عەونی) بەرپرسی لقی ١٠ پارتی لە سۆران، رۆشنایی دەخەنە سەر گۆڕانکارییەکان و دەڵێن، کە گۆڕانکارییەکە هەموو ئۆرگانەکانی پارتی دەگرێتەوە و لە ئێستاوە پارتی خۆی بۆ قۆناخی دوای داعش ئامادە دەکات.


8ـی ئەم مانگە ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوویەوە و كۆمەڵێك گۆڕانكاری كرد. پێوەست بەم گۆڕانكاریانە (د.محەمەد خورشید) بەرپرسی لقی 3ـی پارتی لە كەركووك بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتیی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "گۆڕانكاریكردن لە پۆستەكاندا ئامادەکارییە بۆ قۆناخی دابێ، هەڵبەت پێشمەرگە بوون و خزمەتكاربوون بۆ میللەت ئەركە و وەك چۆن (سەرۆك بارزانی)ـش ئاماژەی پێدا دەبێ خزمەتكاری میللەتی خۆمان بین. بەپێی توێژینەوە جیهانی و نێوەخۆییەكان گۆڕانكاری گەورە لە سیستەمی سیاسیی و جیوگرافی ئەم ناوچەیە روودەدات بۆیە دەبێ كورد خۆی بۆ ئامادە بكات و وا خەریكە هەنگاو دەنێین بۆ قۆناخی نەمانی داعش، پارتیش هیزی سەرەكی كوردە و بەرپرسیاریەتی گەورەی لە ئەستۆدایە و هەوڵدەدات كەشتی كورد بگەیەنەتە كەناری ئارام."

(د.محەمەد خورشید) جەختیشی كردەوە: " ئەو گۆڕانكاریانەی كە كرا قۆناخی یەكەمە و قۆناخی دیکەی بەدواوە دێت کە هەموو ئۆرگانەکانی حزب دەگرێتەوە."

لای خۆیشیەوە (عەلی عەونی) بەرپرسی لقی 10ـی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتی‌ دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: " گۆڕانكارییە نێوەخۆییەكەی پارتی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە سەرجەم ناوچەكە بەرە و گۆڕانكاری گەورە دەچێت و پارتی بە خۆئامادەكردنێكی تەواوەوە هەنگاودەنێت. گۆڕانكارییەكان تەنیا جێگۆركێكردنی كەسەكان نییە لە پۆستەكان و، ئەوەتا كۆمەڵێك كەسی نوێ هاتوونەتە پێش و پۆستی گەورەیان پێدراوە."

(عەونی) ئاماژەیشی دا: "ئەوەی كە كراوە سەرجەم گۆڕانكاریەكان نییە و هەنگاو و بڕیاری دیکەی بەدواوە دێت، هەموو جوومگە حزبیەكان دەگرێتەوە, جیالەوەش پارتی بیر لەوەش دەكاتەوە ئەگەر بخوازێت تیمی خۆی لەنێو حكوومەتیشدا دەگۆڕێت. لە لایەکی دیکەشەوە هەوڵەدات فەرماندە سەربازییەكانی بەگوێرەی پێویست بگۆڕێت، چونكە لەم شەڕی داعشەدا خاڵە بەهێز و لاوازەكان دەركەوت و دەبێ بە گشتیی بۆ داهاتوو خۆمان ئامادە بکەین بەتایبەت بۆ قۆناخی دوای داعش."

جەختیشی كردەوە: "پارتی تەنیا حزبێك نییە، بەڵكو بزاڤی رزگاریخوازی كوردستانە. وەك پۆڵێن دەبێ پارتی وەكو بزووتنەوەیەكی سەرانسەری كوردستانی دابنێین كە نوێنەرایەتی خەون و هیوای خەڵك دەكات. میژوی پارتی و سیاسەتی پارتی وایكردووە كە دونیا مامەڵە لەگەڵ پارتی بكات و هەر پارتیشە ئەم هەرێمە بەرە و ئاراستەی بەرژەوەندی خەڵكەكەی دەبات."
kdp-
Top