ئاسۆ کەریم: ڕیفراندۆمەکەی ٢٠٠٥ دەرخەری پەرۆشیی خەڵکە بۆ سەربەخۆیی
(ئاسۆ کەریم)، چاودێری سیاسی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''پرسی سەربەخۆیی شەرمی ناوێت. لە بزووتنەوەکەی ڕیفراندۆمی کوردستاندا، ساڵی ٢٠٠٥، لەسەدا نەوەد و هەشت پۆینت حەفتا و شەش، دەنگیان بەسەربەخۆییی کوردستان داوە. هەندێک لایەنی سیاسی شەرم لەو پرسە دەکەن، بەڵام خەڵکی کوردستان شەرم لە سەربەخۆییی کوردستان ناکات و هاواری سەربەخۆیی دەکات. بۆیە دەبێ لایەنە سیاسییەکان بە هەڵەکانی خۆیاندا بچنەوە، چونکە خەڵکی کوردستان لەمێژە بڕیاری خۆی داوە، کە دەبێ وڵاتی سەربەخۆی هەبێت و، خۆی بڕیار لە چارەنووسی کوردستان بدات، لە پرسە چارەنووسازەکانیشدا پرسی پێ بکرێت. لەکاتێکدا خەڵکی کوردستان ئەوەندە پەرۆشی سەربەخۆیین، بۆچی دەبێ حزبی کوردستانی شەرم لەو پرسە بکات و بە ڕاشکاوی بە گوێی جیهان و بەغداشیدا نەدات.''
(ئاسۆ کەریم) دەڵێ: ''مادام حزبە کوردستانییەکان نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستان دەکەن، دەبێ لەئاستی ئەو بەرپرسیارەتییەدابن، کە خەڵک متمانەی پێ داون، دیارە خەڵکی کوردستانیش لەگەڵ سەربەخۆیین. ئێستاش جێگای خۆشحاڵییە لایەنە کوردستانییەکان لە بەغدا بەیەکەوە بن و، لە هەرێمی کوردستانیش بە یەک دەنگ داوای مافی خەڵکی کوردستان بکەن و، بە شێوەیەکی ئاشتی و ئارامی پرسی سەربەخۆییی کوردستان لەگەڵ بەغدا بهێننە ئاراوە، بۆ ئەوەی وەک دوو دراوسێی باش بە ئاشتیانە بژین.''
ئەو چاودێرە سیاسییە ئاماژەیشی دا: ''ئەو ڕیفراندۆمەی ساڵی ٢٠٠٥ لە کوردستان کراوە، دەرخەری ئەو ڕاستییەیە، کە خەڵکی کوردستان خۆیان دەیانەوێت بڕیاری خۆیان بدەن، خەڵک دڵنیان لەوەی چی هەڵدەبژێرن. دەشکرێت لەژێر سەرپەرشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە کوردستان ڕیفراندۆم بکرێت، ئەوکاتە هەم حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەم بەغداش ناچار بکات بە قەبووڵکردنی دەرئەنجامەکانی، کە هیوادارم هەنگاوێکی لەو شێوە بنێرێت. دەکرێت لەڕێی پەرلەمانی کوردستانیشەوە ئەم پرسە بکرێت، پەرلەمان کۆببێتەوە و بڕیار لەسەر ڕیفراندۆم بدرێت، بۆ ئەوەی خۆمان، مافی خۆمان دیاری بکەین.''
ئەو دەشڵێت: ''دەکرێ (سەرۆک بارزانی) داوای دانیشتنێکی بەپەلەی پەرلەمان بکات و لەوێ پێشنیارەکان بخاتە بەردەم پەرلەمان و پەرلەمان دەنگی لەسەر بدات.''
KDP-
