ئاژانسی پەرەپێدانی سویسرا بڕی یەک ملیۆن دۆلار بۆ پڕۆژەکانی ئاوی کوردستان دابین دەکات
بۆ ئەم مەبەستە "عەبدولستار مەجید" وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەرانی گشتی سەرچاوەکانی ئاوو پلان و بەدواداچوون و دیوانی وەزارەت پێشوازی کرد لە "ئەندریاس لوک" شارەزا لە رێکخراوی یۆنسکۆ(بارەگای گشتی عەممان- بەغدا) بە یاوەریی دکتۆر "رەزوان خەلیفە" شارەزا لە ھەمان رێکخراو.
لە دیدارەکەدا باس لە وردەکاریی ئەم پڕۆژەیە کرا، وەزیری کشتوکاڵ وێڕای خۆشحاڵیی بەم پڕۆژەیە ھیوای خواست کە دەستی پێ بکرێت و بە ھەنگاوێکی گرنگیشی وەسفکرد بۆ بووژاندنەوەی ئاوی ژێر زەو، ئەوەی پێویستە بگوترێت پڕۆژەکە بریتییە لە دیراسەکردن و بووژاندنەوەی ئاوی ژێرزەوی لە ھەرێمی کوردستان، ئەم پڕۆژەیەش دوای ھەوڵی بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەکانی ئاو دێت کە لە کۆتایی کۆنگرەی ئاو لە ستۆکھۆڵمی پایتەختی سوید پێشکەشی بە ئاژانسی پەرەپێدانی سویسری کردبوو و لە مینحەی ئەوروپی بە ھاوکاریی رێکخراوی یۆنسکۆ جێبەجێ دەکرێت، قۆناغی یەکەم و دووەم تەواو بووە ودەست دەکرێت بە قۆناغی سێیەم، لەم قۆناغەی پڕۆژەکەش بڕی زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلاری بۆ دابینکراوە، ئەمەو بە نیازن کە لە رۆژی ٦ی ئاداری ئەم ساڵ بە ئامادەبوونی وەزیر و بەرپرسانی پەیوەندیدارو نوێنەری یۆنسکۆ و میوانان لە رێورەسمێکدا دەست بە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە دەکرێت.
PAYAMNER -
