چهندین وڵات دژی سیاسەتی "لەباربردن" ی ئیدارەی ترەمپ هاتنه دهنگ
ئیزابێللا لۆڤین، جێگری سەرۆكوەزیرانی سوید، بە (رۆیتەرز) راگەیاندووە كە ئەو هەشت وڵاتە رۆژی 2ی ئاداری داهاتوو لە برۆكسل كۆدەبنەوە بۆ دەستپێكردنی بەخشینی هاریكاری ماددی بەو رێكخراوانەی بەهۆی بڕیارەكەی ترەمپ زیانیان لێدەكەوێ.
مانگی رابردوو هۆڵەندا رایگەیاند هەڵمەتێكی نێودەوڵەتی دەستپێدەكرێ بۆ هاریكاریی ئەو خانمانەی لە سەرتاسەری جیهانەوە پێویستیان بە رێنمایی و خزمەتگوزاری پەیوەست بە لەباربردنی منداڵ دەبێ، چونكە بەهۆی بڕیارێكی نوێی ترەمپ ئەو رێكخراوانەی لە دەرەوەی ئەمریكا لەبواری لەباربردنی منداڵ كاردەكەن بە بڕی 600 ملیۆن دۆلار تووشی كورتهێنانی بودجەیان دەبنەوە لەماوەی چوار ساڵی داهاتوو.
بە گوتەی لۆڤین، تاكو ئێستا هەشت وڵات پشتیوانییان بۆ ئەو جووڵانەوە نێودەوڵەتییە پێشانداوە كە بریتین لە: سوید، دانمارك، بەلجیكا، لۆكسمبۆرگ، فینلەندا، كەنەدا و كاپ ڤێرد (راس الأخضر).
یاسای دژایەتی لەباربردنی جیهانی (The global gag rule) كە كار لەو رێكخراوانە دەكات كە چالاكڤانی بواری مافی لەباربردنی منداڵن و لە دەرەوەی ئەمریكا كاردەكەن، لە سەردەمی سەرۆكایەتی رۆناڵد ریگن لە 1984 ەوە دەرچووە و پەسەندكردن یان رەتكردنەوەی دەریدەخات كە تاكو چەندە سەرۆك پشتیوانی مافی لەباربردنی منداڵ دەكات.
بۆ نموونە باراك ئۆباما لەگەڵ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتی ئەمریكا لە 2009 یاساكەی هەڵپەسارد، بەڵام دۆناڵد ترەمپ لە چوارەم رۆژی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتی ئەمریكا كارای كردەوە.
PAYAMNER -
