ئەندامێکی لیژنەی شارەوانی: سەرۆکی حکومەت بڕیاری دابەشکردنی زەوی داوە و پاشگەزبوونەوە نیە
ئەندامی لیژنەی شارەوانی لە پەرلەمانی کوردستان سیراج خەیلانی بە ئاژانسی ھەواڵی زاگرۆسی راگەیاند: "پرۆسەی دابەشکردنی زەوی تاوەکو ئێستا لە قۆناغی کۆکردنەوەی داتا و ئاماری ناوی کرێنشینانانه و وەزارەتەکانیش وەکو پێویست ھاوکاری وەزارەتی شارەوانی ناکەن، چونکە لیستی ناوەکان بە تێکەڵ و پێکەڵی رەوانە دەکات ئەمەش وادەکات زۆر بخایەنێت بۆ پێداچوونەوەی بەناوەکان و کاتی دەوێت."
وتیشی: سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری دابەشکردنی زەوی داوە بەسەر ھەژار و کرێنشینان و پاشگەزبوونەوەی لێ نیە، بەڵام پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان ھاوکار بن بۆ ئەوەی پرۆسەکە بە خێرایی بەڕێوەبچێت و زوو زەوی دابەش بکرێت.
سیراج خەیلانی ڕوونیشی کردەوە: پرۆسەکە ھەر چەندە بەردەوامە، بەڵام من وەکو چاودێرێک لەو پرۆسەیە بە دڵم نیە، چونکە وەزارەتەکان وەکو پێویست ھاوکاری وەزارەتی شارەوانی ناکەن، بۆ ئەوەی داتا و ئاماری پێویستیان پێ بدەن و بتوانن لە ماوەیەکی کەم کارەکانیان تەواو بکەن، بۆیە لەئێستادا وەزارەتی شارەوانی بەدەست وەزارەتەکانی دیکە دەناڵێنێت و ھەندێک وەزارەت ھەیە تاوەکو ئێستا لیستی ناوەکانیان رەوانە نەکردووە.
بەپێی زانیاریەکانیش تاوەکو ئێستا ٣١٠ھەزار فۆڕم لەلایەن خەڵکی ھەژار و کەمدەرامەت بۆ وەرگرتنی زەوی پڕکراونەتەوە.
payamner-
