فازڵ بەشارەتی: لە هەڵەبجە پۆست هەیە، بەرهەمی بۆ خەڵک نییە؛ خەڵک ئەمە قبووڵ ناکات
بەرپرسی لقی ١٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەڵەبجە، (فازڵ بەشارەتی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''خەڵکی ھەڵەبجە ئەوە قبووڵ ناکەن، لە ھەڵەبجە پۆست ھەبێت و بەرھەمی بۆ خەڵک نەبێت. چونکە ناکرێ بەرپرسەکان پۆستەکان وەربگرن و ھیچ بەرھەمێکیشیان بۆ خەڵکی پارێزگاکە نەبێت. ئەوە ستەمێکە لە خەڵکی هەڵەبجە دەکرێت، بۆیە خەڵکی هەڵەبجە قبووڵی ناکەن.''
(فازڵ بەشارەتی) دەڵێ: ''ئەوە سێ ساڵ بەسەر هەڵبژاردنەکاندا تێپەڕی و، تا ئێستا هیچ خزمەتێک بەم شارە نەکراوە. دەبوو خزمەتگوزاریی زۆر باش بە خەڵکی ئەم شارە بگات. هەرکەسێک لەڕووی ئیدارییەوە ناتوانێ خزمەت بە خەڵک بکات و بەرهەمی بۆ خەڵک هەبێت، دەبێ خۆی بڵێ، من ناتوانم خزمەت بکەم. کەچی ئەمانە ئاشقی پۆستەکانیانن و بەلایانەوە ئاسایییە بەو شێوەیە بمێننەوە. بەڵام ئیدی خەڵک لێیان قبووڵ ناکەن و دەستیان کردووە بە دەربڕینی ناڕەزایەتی.''
(بەشارەتی) دەشڵێت: ''ھەڵەبجە کراوەتە پارێزگا، کەچی لەڕووی ئیدارییەوە ڕەنگدانەوەی بۆ خەڵکی ناوچەکە نەبووە. ئەوان بەبێ ئێمە ناتوانن ناوچەکە ئیدارە بکەن، کەچی نایەن بە شێوەیەکی بوێرانە لەسەر پۆستەکان لەگەڵ ئێمە ڕێک بکەون، بۆ ئەوەی بە هاوئاهەنگیی یەکتر پۆستەکان بەڕێوەببەین. لەبەر ئەمانە پێویستە ئەم کیشەیەی خەڵکی هەڵەبجە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا یەکلایی بکرێتەوە.''
kdp-
