ساڵم شەبەك: زیاتر لە ٥ هەزار شەبەک گەڕاونەتەوە دەشتی نەینەوا

 ساڵم شەبەك: زیاتر لە ٥ هەزار شەبەک گەڕاونەتەوە دەشتی نەینەوا
نوێنەری كوردانی شەبەك لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، زیاتر لە 5 هەزار کەسی کوردانی شەبەک گەڕاونەتەوە دەشتی نەینەوا و، ئەگەر بێت و ناوچەکە هەر بەدەست پێشمەرگەوە بێت، زیاتریش دەگەڕێنەوە.

(ساڵم شەبەك)، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی: ''دوای ڕزگاركردنی دەشتی نەینەوا و ناوچەكانی شەبەك، زیاتر لە 5 هەزار كەس گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.''

ئەو دەڵێ: ''بەڵام بەداخەوە داعش زیانێكی زۆری بەو ناوچانە گەیاندووە، ئەگەر بێت و پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ ئەو ناوچانە دابین بكرێت و، هەموو ئەو هێزانەی لەو ناوچانەدا هەن، بكشێنەوە و تەنیا هێزی پێشمەرگە بمێنێت، خەڵكەكە زیاتر دەگەڕێنەوە. چونكە ئەو هێزانەی لەوێن، كێشە بۆ خەڵك دروست دەكەن و، لێناگەڕێن خەڵكەكە بە ئاسانی بگەڕێنەوە. بۆیە خەڵكی شەبەك داوا دەكەن، تەنیا یەك هێز لەو ناوچانەدا بمێنێت و بەرگرییان لێ بکات، ئەویش هێزی پێشمەرگەی کوردستان بێت.''









KDP
Top