نەوشیروان مستەفا بۆ هەڵسوڕاوەکانی: یەکێتی پۆستەکانمان ڕادەست ناکات
هەڵسووڕاوێکی گۆڕان کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت و ئەوەی ئاشکرا کرد کە نەوشیروان مستەفا لە ڕێگەی پەرلەمانتارێکی گۆڕانەوە، ئەو پەیامەی گەیاندووە کە یەکێتی نیازی نییە ئاڵوگۆری پۆستەکانی دەڤەری سلێمانی بکات.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕۆژی شەممەی داهاتوو، مەکتەبی سیاسی کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدات و لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا بابەتی ڕێککەوتنەکەی نێوان یەکێتی و گۆڕان لەلایەک و ئاڵوگۆڕکردنی پۆستەکان لەلایەکی دیکە تاوتوێ دەکرێت.
بەپێی ڕێککەوتنەکەی نێوان یەکێتی و گۆڕان، دەبووایە 6 مانگ لەمەوبەر، قایمقامی هەڵەبجە کە ئێستا لەلایەن یەکێتییەوە بەڕێوە دەبرێت، بە گۆڕان بدرێت.
لەمبارەیەوە درەو مەهدی، هەڵسووڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) نووسیویەتی: “بەڕاستی، ئیتر، شارچێتیی هەردوو حزب بۆ سلێمانی و تێک شکاندنی هەڵەبجە لە لایەن ئەو دوو حیزبەوە، گەیشتووەتە لوتکە”. باسیشی لەوە کردووە کە یەکێتی و گۆڕان ململانێ سیاسییەکانیان بۆ هەڵەبجە گواستووەتەوە و دەشڵێت: “هەرچی نوقوستانی و کەم و کورتی و پاشەڵی پیس مایەوە و لە سلێمانی بۆیان یەکلایی نەکرایەوە، دەیهێنن لە هەڵەبجە، درێژەی پێ دەدەن".
لەلایەن خۆیەوە محەمەد چاوجوان، ئەندامی سەکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایگەیاند: “کێشەکانی یەکێتی و گۆڕان لەسەر ئەو پرسە قورس نین، چاوەڕوانین چارەسەر بکرێن، لەناو یەکێتی مەبدەئییەن لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەین". بە گوتەی چاوجوان، هەردوولا بەباشی دەزانن ڕێککەوتنەکەیان جێبەجێ بکەن.
باسنیوز
