ئاسۆ کەریم: مالیکی دەیەوێت بەهاوکاریی ھەندێک لایەنی کوردستانی بگەرێتەوە
ئاسۆ کەریم، چاودێری سیاسی و پەرلەمانتاری پێشووی کوردستان رایگەیاند، دیدار و کۆبوونەوەی پەرلەمانتار و نوێنەرانی بەشێک لە حزبە سیاسییە کوردستانییەکان لەگەڵ نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق ئەمینداری گشتیی حزبی دەعوە، مایەی ”نیگەرانییە“.
ئاسۆ کەریم پێیوایە کۆبوونەوەی پەرلەمانتار و نوێنەری ئەو حزبە سیاسییە کوردستانییانە بەهۆی یەکنەخستنی ناو ماڵی کوردییە و ”مەترسی لێرەدایە لایەنە ناحەزەکان دەیانەوێت لەو ناکۆکیانەوە بێنە ژوورەوە“.
ئەو چاودێرە سیاسییە هەروەها رایگەیاند، کە نوری مالیکی هەوڵ دەدات بە هاوکاریی هەندێک هێزی سوننە و کوردستانی، بگەڕێتەوە سەر دەسەڵات و وەک جاران حوکمی عێراق بکات.
نوری مالیکی لە نێوان ساڵەکانی 2006- 2014 سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو، هەروەک سەرکردەکانی گەلی کوردستان و پێکهاتەی سوننەی عێراق باسی دەکەن، بەشێوەیەکی دیکتاتۆرییانە حوکمڕانیی عێراقی کرد و دژایەتیی مافی هەردوو گەلی کوردستان و سوننەی عێراقی دەکرد، هەروەها بووە هۆکاری داگیرکرانی نزیکەی نیوەی خاکی عێراق لەلایەن ریکخراوی توندڕەوی داعشەوە.
بەهۆی ئەوەی مالیکی بەشێوەیەکی مەترسیدار دژایەتیی مافەکانی گەلی کوردستانی دەکرد و لەسەردەمی دەسەڵاتی ئەودا بەشەبودجەی کوردستان بڕدرا و ناردنی شایستە دارایی و سەربازییەکانی پێشمەرگە راگیرا، گەڕانەوەی بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە مایەی مەترسی بۆ گەلی کوردستان دادەندرێت.
پێشتر مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کە نابێ بەهێچ شێوەیەک نوری مالیکی بگەڕێتەوە سەر دەسەڵات، چونکە دوژمنێکی سەرسەختی مافەکانی گەلی کوردستانە و بە گەڕانەوەشی، یەکسەر سەربەخۆیی کوردستان رادەگەیەنێت.
باسنیوز
