بابەکر زێباری: مالیکی داعشی لە پێشمەرگە پێ باشتر بوو
فەریقی یەکەم بابەکر زێباری، سوپاسالاری پێشووی عێراق، کە فەرماندەیەکی سەربازیی کوردە، لە چاوپێکەوتنێکی گۆڤاری (گوڵان)دا رایگەیاندووە، داعش چەک و تەقەمەنیی پێنج فیرقەی سوپای عێراقی کەوتبووە دەست و بەهۆی خیانەتی گوندە عەرەبەکانی رۆژئاوای شاری مووسڵ، شاری شنگالی داگیر کرد.
بابەکر زێباری پێیوایە چەکدارانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، کە بۆ ”ئاژاوەگێڕی“ و بیانوو دانە دەست تورکیا بۆ دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی کوردستان لە شنگال جێگری بوون، دوای هێرشی داعش رێگرییان لەوە کرد، کە پێشمەرگە نزیکەی 4300 کوردی ئێزدی لە گوندی کۆجۆ رزگار بکات.
ئەو فەرماندە باڵا سەربازییە نوری مالیکی، سەرۆک وەزـیرانی پێشووی عێراق بە هۆکاری داگیرکرانی مووسڵ لەلایەن چەکدارانی داعشەوە دەزانێت و رایگەیاندووە، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئامادەیی نیشاندا هێزی پێشمەرگە بنێرێتە مووسڵ تا داگیر نەکرێت، بەڵام مالیکی لە وەڵامدا گوتبووی، ”داعش مووسڵ داگیر بکات لەوە باشتر پێشمەرگە بەرگریی لێ بکات“.
بابەکر زێباری ئاماژەی بەوەش کردووە، کە عەلی غێدان، فەرماندەی هێزە وشکانییەکانی عێراق پێی راگەیاندووە، نوری مالیکی حەزی دەکرد مووسڵ داگیر بکرێت.
بە گوتەی زێباری، نوری مالیکی، کە لە 2006-2014 سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو، حەزی دەکرد هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق رووبەڕووی یەک ببنەوە و شەڕ دروست بێت.
سوپاسالاری پێشووی عێراق باسی جەیمس ماتیس، وەزیری بەرگریی ئەمریکای کردووە و رایگەیاندووە، ماتیس دۆستی کوردستانە و سەبارەت بە پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان پیی گوتووە، ئەمریکا بنکەی سەربازیی لە ئەڵمانیا و یابان هەیە، حکوومەتەکانی ئەو دوو وڵاتە هاوپەیمانی ئەمریکان، کەچی گەلەکانیان دژی ئەمریکان، بەڵام لە کوردستانی باشوور، گەل و حکوومەت هاوپەیمانی ئەمریکان و ”دۆستمانن“.
لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەسهێنان و شکستی سوپای عێراق، چەکدارانی داعش زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنباریان داگیر کرد.
باسنيوز
