ڤاڵا فەرید، هەرێم، بەم یاسایانە دەتوانێ سەربەخۆییی خۆی جاڕ بدات
(د. ڤاڵا فهرید) به ماڵپهڕى فهرمیى پارتى دیموكراتى كوردستانى ڕاگهیاند: ''وەڵامێکی یاسایی دەخەینە بەردەمی (مالیکی)، کە خۆی له ماوهى حوكمڕانییهكهیدا ههر به نایاسایى كارى كرد و، پێی دهڵێین، هەرێمی کوردستان بۆ ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی لە ئاستی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیدا پشت بە یاسا دەبەستێت. سهرهتا باس لە دیباچەی دەستووری عێراق ناکەم، کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ مافی چارەی خۆنووسین بە پێکهاتەکانی عێراق دەبەخشێت، ڕەنگە پێمان بڵێن دیباچە سیفەتی ئیلزامیی نییە!! بەڵام فۆکوس دەخەمە سەر مادەی (8)ی دەستووری عێراق کە ئاماژە بە پابەندبوونی دەوڵەتی عێراق بە ئیلتیزامە نێودەوڵەتییەکانییەوە دەکات. یەکەم ئیلتیزامی نێودەوڵەتی کە دەکەوێتە ئەستۆی عێراق بریتییە لە دداننان بە مافی چارەی خۆنووسین بۆ گەلانی وڵاتەکەیدا، ئەویش بەپێی ماددەی (1)ی هەردوو پەیماننامەی نێودەوڵەتیی ساڵی (1966)، کە عێراق ڕهزامهندیى لەسەر داون؛ هەروەها ماددەی (1) و ماددەی (55)ی پەیماننامە (میساق)ی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە عێراق تێیدا ئەندامە و، جگە لەوەیش کە ماددەی (56)ی پەیماننامە (میساق)ی نەتەوە یەکگرتووەکان وڵاتانی ئەندامی ناچار دەکات بە مافی چارەی خۆنووسینی گەلانی سنووری وڵاتەکەیانەوە پابەند بن. بۆیە دەڵێین، ئەم مافە لە عێراقدا مافێکی دەستوورییە.''
سهرۆكى لیژنهى یاساییی پهڕلهمانى كوردستان ڕوونی کردەوە: ''زیاتر ڕۆدەچینە نێو یاسا عێراقییەکانەوە، مەبەستم یاسای ئاسایییە (القانون العادی)؛ ماددەی (1)ی هەردوو پەیماننامەی نێودەوڵەتیی ساڵی 1966 کە تایبەتن بە مافەگەلی مەدەنی، سیاسی (ICCPR)، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری (ICESCR) پێداگریی لەسەر مافی چارەی خۆنووسین بۆ ئەو گەلانە دەکەن، کە لە سنووری وڵاتانی ئەندامی ئەو پەیماننامەیەدا دەژین. عێراق، وەکو دەوڵەتێکی ئەندامی ئەو پەیماننامەیە، ئەو مافەی کردووە بە یاسا و، بەپێی یاسای ژمارە (193)ی ساڵی 1970 کە لە وەقایعی عێراق، ژمارە (1927)ی ڕێکەوتی 7-10-1970دا بڵاوکراوەتەوە، ئەو مافە لە دەوڵەتی عێراقدا بووە بە مافێکی یاسایی و سیفەتی ئیلزامیی وەرگرتووە، بە شێوەیەک کە حکوومەتی عێراق ناچار دەکات ڕێز لە ئیرادەی گەلانی وڵاتەکەی بگرێت، ئەوکاتەی کە بریاری سەربەخۆیی دەدەن.''
لهكۆتایشدا ( ڤاڵا فهرید ) دەڵێ، هەڵوێستی یاسای نێودەوڵەتی لەسەر مافی چارەی خۆنووسین ڕوونە، بە شێوەیەک کە بەپێی ماددەی (53)ی پەیماننامەی ڤییهنا، لە ساڵی (1969)دا ئەو مافە بووە بە ڕێسایەکی ئەمرپێدەر، بە شێوەیەک کە سەرپێچیکردن لێی بەرپرسیارەتی بەدوادادێت.
kdp-
