کوردانی فەیلی: تاكه بژارده‌مان سه‌ربه‌خۆییی گه‌لى كوردستانه
کوردانی فەیلی، وەک لەم ڕاپۆرتەدا دەیگڕێنەوە، زۆریان ستەم دیتووە، بەڵام بە ئومێدەوە لە هەرێمی کوردستان دەڕوانن و، وەک باسی دەکەن چارەنووسیان بە پاشەڕۆژی هەرێمەوە بەندە و، بە پەرۆشەوە چاوەڕێی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستانن. هەروەک (ئاراس جه‌واد)، کە کوردێکی فەیلییە و لە بەغدا نیشتەجێیە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت، عێراق دەوڵەتێکی دەستکردی شەڕە و لەبنەڕەتەوە بەهەڵە دروست بووە، بۆیە هیچ کاتێک ئاشتەوایی تێدا بەرقەرار نابێت و، بەردەوام لەنێوان پێکهاتەکانی عێراقدا جەنگ و کوشتار و ناکۆکی سەرهەڵدەدات.
ئەو کوردە فەیلییە، بوونی خۆیان بە بوونی هەرێمی کوردستان دەزانێت و، دەڵێ، هەرچەند لە بەغدا و ناوەڕاستی عێراق و ناوچەکانی دیکەدا دەژین، بەڵام قەت بەشێکی جودا نین لە کوردانی هەرێمی کوردستان و پشتیوانی دەنگی کوردن.
ئەو دەڵێت: ''یەکەمجار ئێمەیان ئەنفال کرد، ستەمیان لێ کردین و، سیاسەتی جیاکاری و جینۆساید لەسەر ئێمە جێبەجێ دەکەن، بەڵام ئێمە بە ئومێدێکی گەورەوە دەژین، کە هەرێمی کوردستان ببێ بە دەوڵەت و سەربەخۆییی خۆیی ڕابگەیەنێت.''
(ئاراس جه‌واد) باوەڕی وایە: ''ئه‌گه‌ر 100 ساڵى دیکەش له چوارچێوه‌ى ئه‌و وڵاتەدا بژین، هەرگیز نه به مافه‌كانى خۆمان ده‌گه‌ین، نه له‌و زوڵم و زۆره‌ی ده‌رحه‌قیشمان كراوه و دەکرێت ڕزگار دەبین. بۆیه تاكه بژارده بۆ گه‌لى كورد، به‌تایبه‌ت بۆ ئێمه‌ى كوردى فه‌یلى، هەر سه‌ربه‌خۆییی گه‌لى كوردستانه، كه ده‌توانێت گه‌ڕه‌نتیه‌ك بێت بۆ ئه‌وه‌ى جارێكى تر كۆمه‌ڵكوژى نه‌بینینه‌وه و، ته‌نیا سه‌ربه‌خۆیى كوردستان ده‌توانێت مافه‌كانمان ده‌سته‌به‌ر بكات، كه هیچ كاتێك له عیراق هه‌ستمان به مافى هاووڵاتیبوون نه‌كردووه و، ئینتیماى ئێمه بۆ گه‌له‌كه‌مانه و، به‌هه‌موو هێز و تواناوە، وه‌ك چۆن له سه‌رده‌مى شۆڕه‌شه یه‌ك له‌دواى یه‌كه‌كان و بزووتنه‌وه‌ى ڕزگاریخوازی گەلی كورد لە باشوورى كوردستان ڕۆڵى سه‌ره‌كیمان هه‌بووه، ئه‌مڕۆش به هه‌مان نه‌فه‌سه‌وه پشتیوانى له جه‌نابى (سه‌رۆك بارزانى) و سه‌ركردایه‌تیى سیاسیى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ین و، ئاماده‌ین له‌و پێناوه‌دا خه‌بات بكه‌ین و قوربانیش بده‌ین.''
(شۆڕ‌ش شاواز)، کە كوردێكی دیکەی فه‌یلییه و دانیشتووى كۆیه‌یە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''ئاواتى دێرینى گه‌له‌كه‌مانه و هه‌موو كوردێك ئاواته‌خوازه ئه‌و پرسه نه‌ته‌وه‌یییه، واتە سه‌ربه‌خۆیی بێته دى و نابێت لە ڕوانگەی حزبییەوە ته‌ماشاى بكرێت. له سه‌ده‌ى 21دا ئه‌و ده‌رفه‌ته‌مان بۆ ڕه‌خساوه و دواى هه‌مووی ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ى له‌نێو عیراقدا دیتمان، نابێت له‌ده‌ستى بده‌ین، چونکە قۆناخه‌كه زۆر هه‌ستیاره. (سه‌رۆك بارزانى ) پێشه‌نگی پرسی سەربەخۆییی گەلی کورد بووە و پێویستە پشتیوانی لێ بکەین.''
(شۆڕ‌ش ) ده‌یشڵێ: ''ده‌بێت هه‌موومان هه‌ست به به‌رپرسیاره‌تى بكه‌ین و سه‌ربه‌خۆیى به پیرۆز بزانین و، هه‌رشتێك بكه‌وێته ئه‌ستۆمان بیكه‌ین، وه‌كو كوردانى فه‌یلیش هه‌ربڕیارێك هه‌رێمى كوردستان بیدات، پێوه‌ى پابه‌ند ده‌بین و له‌گه‌لیدا ده‌بین.''
(ماجد سووره‌میرى)، كوردێكى تر‌ى فه‌یلییه و له به‌غدا داده‌نیشێت، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''ده‌بێ كورد له پڕۆژه‌ى نوێى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا ڕۆڵى خۆى بگێرێت و، كاتێكى زۆر له‌باره بۆ ئه‌وه‌ى سه‌ربه‌خۆییى خۆمان ڕابگه‌یەنین و، وه‌كو كوردانى فه‌یلیش به‌هه‌موو جۆرێك پشتیوانی لە (سه‌رۆك بارزانى ) دەکەین، تا سه‌ربه‌خۆیى ڕابگه‌یەنێت.''
(سووره‌میرى) گوتیشی: ''وه‌كو كوردى فه‌یلى زۆر به‌په‌رۆشه‌وه چاوه‌ڕوانی ڕاگه‌یاندنى سه‌ربه‌خۆییى كوردستانین و، پێمان خۆشه وه‌كو میلله‌تانى جیهان، ئێمه‌ش خاوه‌نی ده‌وڵه‌تى خۆمان بین و، له‌دواى ئه‌و هه‌موو نه‌هامه‌تیانه‌ى وه‌سه‌رمان هاتووه، لە وڵاتی سەربەخۆی خۆماندا بحەسێینەوە.''
kdp-
