هیوا ئەفەندی: لە کەرتی مەدەنیدا نزیکەی ٨٥٦ هەزار فەرمانبەر ناویان تۆمار کردووە

هیوا ئەفەندی: لە کەرتی مەدەنیدا نزیکەی ٨٥٦ هەزار فەرمانبەر ناویان تۆمار کردووە
سەرۆکی دەزگای تەکنەلۆژیا و زانیاریی ئەنجوومەنی وەزیران دەڵێ، لە کەرتی مەدەنیدا نزیکەی ٨٥٦ هەزار فەرمانبەر ناویان تۆمار کردووە و، لە کۆتایی ئەم مانگەشدا وادەی پڕۆسەکە تەواو دەبێت و دەست بە کەرتی سەربازی دەکرێت.

(هیوا ئەفەندی)، سەرۆکی دەزگای تەکنەلۆژیا و زانیاریی ئەنجوومەنی وەزیران بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئێستا پڕۆسەی تۆمارکردنی ناوی فەرمانبەران گەیشتووەتە ٨٥٥ ھەزار و ٧٢٩ کەس. ئەم ژمارەیە فەرمانبەری مەدەنین و، تا کۆتایی ئەم مانگەش تۆمارکردنەکە بەردەوام دەبێت، دواتریش دەست بە تۆمارکردنی سلکی سەربازی دەکرێت.''

ھیوا ئەفەندی گوتی: ''بەپێی ئاماری وەزارەتی دارایی، کۆی ژمارەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان نزیکەی یەک ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار فەرمانبەرە، کە لەو ژمارەیە ٢٥٠ ھەزار کەس لە سلکی سەربازیدان، بۆیە ڕەنگە بە مانگ و نیوێک پڕۆسەکەی ئەوانیش تەواو بکرێت.''

ئەو بەرپرسەی حکوومەت دەشڵێ: ''دوای تەواوبوونی پڕۆسەکە بڕیار دەدەین، کە ھەرێمی کوردستان چەند مووچەخۆری ھەیە. ئێستا کۆمەڵێک ناوی دووبارە لە پڕۆسەکەدا هەیە، کە بەشێکی زۆریان یاسایین و بەشێکیشیان نایاسایین. بۆنموونە، کەسێک فەرمانبەری وەزارەتێکە و هاوکات مووچەی لە چاودێریی تۆڕی کۆمەڵایەتیش ھەیە؛ فەرمانبەری واش ھەیە بە یەک ناو لە دوو وەزارەت فەرمانبەرە و مووچە وەردەگرێت، دیارە لە یەکێکیان بندیوارە؛ ئی واش هەیە ساختەکاریی لە ناوەکەیدا کردووە و لە دوو شوێن مووچە وەردەگرێت، لە یەکیان بە ناوێک، لەوی دیکەش بە ناوێکی دیکەوە.

(هیوا ئەفەندی) گوتیشی: ''وای بۆ دەچێن کە لە وەزارەتی پێشمەرگەدا ناوی دووبارە زۆر ھەبێت، بەڵام جارێ پڕۆسەکە ماوە و، پاش ئەوەی تەواو کرا، زانیارییەکان ئاشکرا دەکرێن.''
kdp-
Top