بەھۆی تیژڕۆییەوە شوفێری ماتۆرسکیلێک گیانی لە دەست دا
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ھاتوچۆی ھەولێر، ئاماژە بەوە دەدات کە ئەمڕۆ چوارشەممە، لە ئەنجامی پێکدادانی دوو ماتۆڕسکیل، کەسێک گیان لە دەست دەدا و یەکێکیش بە سەختی بریندار دەبێت.
فازڵ حاجی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ھاتوچۆی ھەولێر، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بەیانی ئەمرۆ چوارشەممە 8/2/2017 لە شارەدێی عینکاوە، لە شەقامێکی لاوەکی نزیکی شەقامی 120 ھەولێر، رووداویکی ھاتوچۆ کەوتەوە، کە پیکدادانەکە لە نێوان دوو ماتۆڕسکیل بوو، لەئەنجامی ڕووداوەکەش شوفێری ماتۆرسکیلیک پارچە پارچە بوو گیانی لەدەست دا و ئەوی دیکەش بە سەختی قاچی شکاوە".
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ھاتوچۆی ھەولێر، ئەوەشی ڕوون کردەوە: "ھۆکاری ڕووداوەکەش تیژڕۆیی ئەو شوفێرە بوو کە گیانی لەدەست داوە، کە بەخێراییەکی یەکجار زۆرەوە لە ڕێگایەکی خۆلەوە ھاتبویە سەر ڕیگا لاوەکیەکە".
گوتیشی: "لەم ڕووداوە ھەردوو شوفێر مۆلەتیان نەبووە و ھەردووکیشیان خەلکی دەرەوەی ھەولێر بوون، یەکیان خەڵکی ڕۆژئاوا بوو، ئەوەی دیکەش ئاوارەیەکی عەرەب بوو، ھەردووک ماتۆرسکیلیش بێ تابڵۆ بوون و تۆمار نەکرا بوون".
bas news -
