لەڕێی ئەنجوومەنی شووڕاوە پرسی دەستەكانی هەرێم یەكلا دەكرێنەوە

 لەڕێی ئەنجوومەنی شووڕاوە پرسی دەستەكانی هەرێم یەكلا دەكرێنەوە
ماوەی یاساییی سەرۆكی ژمارەیەک دەستە لە هەرێمی كوردستان بۆ چوار ساڵ تەواو دەبێت و پێویستیان بە یەكلاكردنەوە هەیە و جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای كرد، سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەتوانێ لەڕێی ئەنجوومەنی شووڕاوە پرسەكە یەكلا بكاتەوە، پێویستە تا پەرلەمان دەستبەكار دەبێتەوە، ئەو دەستانە درێژە بە كارەكانیان بدەن.

(نازم كەبیر)، جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند: ''بەگوێرەی یاسا پەرلەمان سەرۆكی دەستەكانی بۆ ماوەی چوار ساڵ داناوە و، ئێستا وادەی یاساییی ژمارەیەك دەستە تەواوبووە؛ وەك دەستەی مافی مرۆڤ و دیوانی چاودێریی دارایی، بەڵام بەهۆی ئەوەی پەرلەمان كار ناكات و كۆبوونەوەکانی بەڕێوەناچن، كێشەكە بە هەلپەسێردراوی ماوەتەوە، پێویستە لەڕووی یاسایییەوە كار بۆ چارەكردنی پرسەكە بكرێت و، بەگوێرەی یاسا سەرۆكی ئەو دەستانە دیاری بكرێت، یان هەر سەرۆکەکانی ئێستایان درێژە بە كارەكانیان بدەن.''

(نازم كەبیر) گوتی: ''بەپێی یاسا داواكاری پێشكەش بە سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت و ئەگەر پەرلەمان كۆبوونەوەی بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكی دەستەكان بەڕێوەنەبرد، ئەوا سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەتوانێ بە نووسراوی فەرمی كێشەكە ڕەوانەی ئەنجوومەنی شووڕا بكات، ئەوكات ئەنجوومەنی شووڕای هەرێمی كوردستان بۆچوونی خۆی لەبارەی بەردەوامبوونیانەوە ڕادەگەیەنێت.''







KDP
Top