"هەرێم دەتوانێ بۆ ئەم دووکەیسە سکاڵا لەدژی حکوومەتی عێراق تۆمار بکات"
(نەجیبە نەجیب)، گوتی: ''بەغدا سەبارەت بە ناردنی بوودجەی پێشمەرگە هیچ هەنگاوێکی نەناوە. دەپرسین مەگەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەسەر دامەزراوەی ئەمنی و سیادیی عێراق نییە؟ ئەی بۆچی پارە بۆ حەشدی شەعبی هەیە و تا ئێستاش ناونووسین بۆ وەرگرتنی ئەندام و فراوانکردنی ڕیزەکانی دەکات، کەچی پارە بۆ هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە نییە؟ ئەی پارەکەی بەرەو کوێوە دەچێت؟ دواتر بڕیار وابوو بەغدا مانگانە بەشە بوودجەی کوردستان بدات، کوا پارەکە، بۆ نەدراوە؟ لەکاتێکدا ئێمە سەبارەت بە ئەوان نییەتپاکیی خۆمان سەلماندووە و گوتوومانە، یەک دۆلار لەو پارەیەی لە فرۆشتنی نەوت وەدەستمان دەکەوێت، زیاترمان بدەنێ، ئێمە هەموو نەوتەکەی خۆمانتان ڕادەست دەکەین، ئەی بۆ نایەنە ژێرباری ئەو پێشنیارانە؟''
ئەو پەرلەمانتارە گوتی: ''لەسەر ئەم دوو کەیسە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت لە دادگای فیدراڵی شکایەت بکات. خۆ ناکرێت بوودجەی کوردستان بە بڕیاری حزبێک و تاکەکەسێک وای لێ بێت.''
گوتیشی، لە بەغدا هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی چۆن بوودجەی سیادیی کوردستان بڕدرا، هەرواش بوودجەی حاکمە ببڕێت و پێداویستیی دەرمان و بەشەخۆراکی هاووڵاتیانی کوردستان ببڕدرێت.
KDP
