کاروان ساڵح: جگە لە گۆڕان حزبەکانی دیکە بە ئاشکرا تێبینیان لەسەر پڕۆژەکەی هاوپەیمانێتیی شیعە هەبوو

 کاروان ساڵح: جگە لە گۆڕان حزبەکانی دیکە بە ئاشکرا تێبینیان لەسەر پڕۆژەکەی هاوپەیمانێتیی شیعە هەبوو
(كاروان ساڵح)، چاودێری سیاسی ڕایگەیاند، پڕۆژەکەی هاوپەیمانیی نیشتمانی لەم کاتەدا بۆ ئەوەیە نێوماڵی كورد پەرتەوازە بكرێت. بەڵام ئێمە لە هەموو كاتێكدا پێویستمان بە یەكڕیزی و یەكگوتاری هەیە، بۆ ئەوەی بە یەكگرتوویی وەڵامی هەموو پڕۆژەكان بدەینەوە، بۆیە دەبێت بە زووترین كات لایەنە سیاسییەكان كۆببنەوە و، ئەو لیژنانەی كە دروستیش دەكرێن، بەهێز بن و هیچ كەس و لایەنێك لە چوارچێوەی ئەو لیژنانە دەرنەچێت.

(كاروان ساڵح)، چاودێری سیاسی، گوتی: ''پڕۆژەی هاوپەیمانیی نیشتمانی لە كاتێكی وادا، بۆ ئەوەیە نێوماڵی كورد پەرتەوازە بكەن. بەڵام ئێمە لە هەموو كاتێكدا پێویستمان بە یەكڕیزی و یەكگوتاری هەیە. بەڕاشكاوی دەڵێم، هاتنیان بۆ هەولێر و، دواتر چوونیان بۆ سلێمانی بۆ ئەوەیە نێوماڵی كورد پەرتەوازە بكەن. لایەنێكی شیعە زۆر بە چڕی و بە قورسایی خۆی بۆ لەنێوبردن و پەرتەوازەكردنی نێوماڵی كورد هەوڵ دەدات، هەروەك دیتمان بزووتنەوەی گۆڕان تاڕادەیەك بەو پڕۆژەیە ڕازی بوو، کەچی حزبەكانی دیكە بەئاشكرا ڕایانگەیاند، تێبینییان لەسەر پڕۆژەكە هەیە. بەڕاستی لەم کاتەدا دەبێ بە هەڵوێستێكی نەتەوەیی و نیشتمانیی یەكگرتووەوە وەڵامی هەموو پڕۆژەكان بدەینەوە.''

ئەو چاودێرە گوتیشی: ''نابێت هەركەسەو لەلای خۆیەوە وەڵامی بەغدا بداتەوە، چونکە ئەوەش كزی و پەرتەوازەیی كورد نیشان دەدات و، بەو شێوازە زەرەری زۆر گەورە دەكەین. پێویستە بە زووترین كات لایەنە سیاسییەكان كۆببنەوە و، ئەو لیژنانەی كە دروست دەكرێن، بەهێز بن و هیچ كەس و لایەنێك لە چوارچێوەی ئەو لیژنانە دەرنەچێت. چونكە ئەوەی لێیان دەربچێت، هەم تۆمەتبار دەكرێت و بەجۆرێك پەرتەوازەیی كورد دەكەوێتە ئەستۆی، هەمیش لە باری نەتەوەیی و نیشتمانییەوە بەرپرسیارەتییەكی مێژووییی زۆر گەورە دەكەوێتە سەر شانی.''











KDP
Top