یەکێتیی ئەوروپا شاندێک دەنێریتە هەرێمی کوردستان
بەپێی راگەیەندراوێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی چوارشەممە 8.2.2017، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ یان ڤیگێل، نێردراوی تایبەتیی یەکێتیی ئەوروپا بۆ هەماهەنگیی ئازادییە ئایینییەکان و شاندێکی یاوەری، کۆ بووەتەوە.
شاندەکەی یەکێتیی ئەوروپا وێڕای جەختکردنەوە لە پاڵپشتیی یەکێتییەکە بۆ پێکەوەژیانی هەرێمی کوردستان، هەوڵەکانی حکوومەتو گەلی کوردستانیان لە لەخۆگرتنی ئاوارە عێراقییەکان، بەرز نرخاندووە.
دەقی راگەیەندراوەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە ٨-٢-٢٠١٧ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بەڕێز یان ڤیگێل نێردراوی تایبەتی یەکێتیی ئەورووپا بۆ ھەماھەنگیی ئازادیی ئایینەکان و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارێکدا شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بە سەردان و ئەو پێکەوەژیانە سەرکەوتوانەی لە ھەرێمی کوردستان ھەیە، دەربڕی و پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئەو پێکەوەژیانەی ھەرێمی کوردستان نیشان دا و ھیوایان خواست لە ھەموو بەشەکانی دیکەی عێراق ڕەنگ بداتەوە، ھەروەھا ھەوڵ و ھەنگاوەکانی خەڵک و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیان بۆ پێشوازیکردن و دابینکردنی جێگەی حەوانەوە بۆ ژمارەیەکی یەکجار زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر بەرز نرخاند و لەم ڕووەوە پاڵپشتیی خۆیان بۆ ھەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.
شاندی میوان سەرسامیی خۆیان بەرامبەر سەقامگیری لە ھەرێمی کوردستان دەربڕی و ھیوایان خواست ھەرێمی کوردستان ڕۆڵی خۆی لە چارەسەرکردنی تەواوی ئەو کێشانەدا ببنیێت کە لە بەشەکانی دیکەی عیراقدا لە نێوان پێکھاتە جیاوازەکاندا ھەن، ئامادەییی یەکێتیی ئەورووپاشیان بۆ ھەر ھاوکاری و ھەماھەنگییەک لەمبارەیەوە نیشان دا.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان سوپاسی ئەو سەردانە و تێبینییە ئەرێنییەکانی شاندی میوانی کرد و دووپاتی کردەوە کە کەلتووری پێکەوەژیان ھەڵقوڵاوی ناخی کۆمەڵگەی کوردییە و زۆرێک لەو کێشانەش کە لەمبارەیەوە ھاتوونەتە پێش، بە یاسا چارەسەر کراون و لەمبارەیەشەوە کۆمەڵیک یاسا دەرکراون. بەڕێزیان جەختی لەوەش کردەوە کە ڕابردوو و ئێستاش ھەرێمی کوردستان و سەرکردایەتییەکەی ھەوڵی ئەوەیان داوە فاکتەری سەقامگیری بن لە ناوچەکە و بە پێویستی زانی لایەنەکانی دیکەش بە ھەمان شێوەی ھەرێمی کوردستان ھەوڵەکانیان بخەنە گەڕ تاکو پێکەوەژیان ببێتە مۆدێلێکی سەرتاسەری.
ئەوەشی نەشاردەوە کە بەداخەوە لە ھەندێک شوێن پاکتاوی ڕەگەزی و ئایینی ئەنجام دەدرێت و ھیوای خواست دوای نەمانی تیرۆرستانی داعش پرۆسەیەکی ئاشتەواییی سەرتاسەری دەست پێ بکات و ئاوارەکان بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و دوور بن لە ھەر توندوتیژییەک، پرۆسەی پێکەوەژیانیش بخرێتە نێو پرۆگرامی خوێندن و پەروەردەوە.
باسنيوز
