سەرکردایەتیی پارتی ديموكراتی كوردستان تاوتوێی ناردنی شاندێک بۆ بەغدا دەکات

سەرکردایەتیی پارتی ديموكراتی كوردستان تاوتوێی ناردنی شاندێک بۆ بەغدا دەکات
ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆ دەبێتەوە و تاوتوێی ئەگەری ناردنی شاندێک بۆ بەغدا دەکات.



بڕیارە کاتژمێر 10:30 خولەکی رۆژی چوارشەممە 8.2.2017، ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی بە سەرپەرشتیی مەسعود بارزانی، سەرۆکی حزبەکە کۆ ببێتەوە و پرسی چاکسازییە نێوخۆییەکانی پارتی دەخاتە بەرباس.



ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی حزبەکەی راگەیاندووە، لە کۆبوونەوەکەدا، باسی پەیوەندیی نێوان پارتی و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دەکرێت، وێڕای باسکردنی پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پرۆژەکەی بارزانی.



بەپێی زانیارییەکان، ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی تاوتوێی ئەگەری ناردنی شاندێکی هاوبەشی هەرێمی کوردستان بۆ عێراق دەکات، بۆ گفتوگۆکردن.



رۆژی 10.2.2016، سەرۆك بارزانی وەک سەرۆکی پارتی، پرۆژەیەکی بۆ چاکسازیی لە ناوخۆی حزبەکەی پێشکەش کرد، کە تێیدا جەختی لە پێداچوونەوە بە موڵک و ماڵ و کۆمپانیاکانی بەرپرسانی پارتی کردەوە.





باسنیوز
Top