كورد ئامادەكاریی بۆ بەشداریكردن لە كۆنگرەی جنێف كردووە

 	 كورد ئامادەكاریی بۆ بەشداریكردن لە كۆنگرەی جنێف كردووە
سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا ڕایگەیاند، ھەموو ئامادەكارییەك كراوە بۆ بەشداریكردنی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە كۆنگرەی جنێف لەبارەی رەوشی سووریاوە. پەیوەست بە داواكاریی كوردیش لەو كۆنگرەیەدا دەڵێ: "ئێمە لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی سووریا تا ئێستایش ھەر دیموكراتیمان بۆ سووریا و فیدڕاڵییشمان بۆ رۆژئاوای كوردستان دەوێ".



(ئیبراھیم برۆ)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا بەشداری لە ھەموو كۆنگرە و كۆبوونەوەیەكی نێودەوڵەتی لەبارەی رەوشی سووریاوە دەكات و لە ئێستادا خۆمان ئامادە كردووە بۆ بەشداریكردن لە كۆنگرەی جنێف، چونكە كۆنگرەی جنێف یەك لە ساڵی ٢٠١٤ بەڕێوە چوو و ئێمە بەشدار بووین، دواتر كۆنگرەكانی دیكەی جنێف و ئاستانا بەڕێوە چوون، بڕیار بوو لە سەرەتای مانگی شوبات بەڕێوە بچێت، بەڵام رووسیا ئاشكرای كرد كە لە كۆتایی ئەم مانگە و سەرەتای مانگی ئاداردا بەڕێوە دەچێت، دواتر (دیموسترا) پشتڕاستی كردەوە كە لە ٢٠ـی شوبات بەڕێوە دەچێت".



لەبارەی داواكاریی كورد لە رۆژئاوای كوردستان، (برۆ) دەڵێ: "پێشتر لە ھەولێر و دھۆك لەگەڵ پەیەدە گەییشتووینەتە رێككەوتن و داواكاریی كورد لە سووریا دیموكراتی بۆ سووریا و فیدڕاڵی بۆ رۆژئاوای كوردستانە، بەڵام پەیەدە لەو پڕۆژەیەدا پەشیمان بووەتەوە لەو ھەڵوێستەی خۆی، تەنیا ئێمە وەك لایەنەكانی نێو ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كوردی جیددین لە ھەڵوێستی خۆمان لە ھەموو دیدار و دانوستانەكانیشماندا ھەر ئەوەمان دووپات كردووەتەوە، سووریایەكی دیموكرات بۆ ھەمووان و ھەرێمێكی فیدڕاڵی بۆ كورد".
KDP-
Top