ئازاد تۆفیق: ئومێدەوارم 21-3 دوو ئاگر بكەینەوە

 	 ئازاد تۆفیق: ئومێدەوارم 21-3 دوو ئاگر بكەینەوە
نووسەر و ڕۆشنبیری دیار(ئازاد تۆفیق) دەڵێت، دوای شەڕی داعش عێراق نابێتەوە بە عێراقی جاران و گوتی "ئامادەم نانی وشك بخۆم، بەڵام دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانم هەبێت."

(ئازاد تۆفیق) ئەندامی مەكتەبی ڕاگەیاندنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕایگەیاند: "دوای شەڕی داعش عێراق نابێتەوە بە عێراقی جاران کە عێراقی زوو لە زاخۆوە بۆ فاو، بۆیە دابەش دەبێت، هەرێمی كوردستانیش بەرەو سەربەخۆیی كوردستان هەنگاو دەنێت و ئەگەر ناوماڵی كوردی یەكدەنگ و رێكخراو بێت، ئەوا سەربەخۆیی زۆر نزیكە".

(ئازاد تۆفیق) دەڵێت: "ئەو دەرفەتانەی لە ئێستەدا هاتوونەتە ئاراوە بۆ ئاشتەوایی نیشتیمانی لە هەرێمی كوردستان، لە هەنگاوەكانی بەرەو دەوڵەتبوون نزیكی كردووینەتەوە، بۆیە ئومێدەوارم 21-3 دوو ئاگر بكەینەوە، یەكەم ئاگری نەورۆز، دووەم ئاگری ئاشتەوایی ناوماڵی كوردی و هەنگاونان بۆ سەربەخۆیی".


ئەو ئەندامەی مەكتەبی ڕاگەیاندنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان دەشڵێت: "ڕۆییشتنی وەفدی كوردی بۆ بەغدا، دەبێت نوێنەری هەموو لایەنە سیاسییە كوردستانییەكانی تێدا بێت بە كلدان، ئاشوور، توركمان و هتد.. چونکە دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان بۆ هەموو تاكێكی كوردستان دەبێت، بۆیە من ئامادەم نانی وشك بخۆم، بەڵام دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانم هەبێت".

KDP-
Top