چاودێران: ئەوەی لەگەڵ شاندی کوردی نەبێ بۆ باسکردنی پرسی سەربەخۆیی، ئەجێندای بەغدا جێبەجێ دەکات
پارێزەر (كارزان سەلام) لە هەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئێستا كاتی رێكخستنەوەی نێوماڵی كورد و سەربەخۆیی كوردستانە و، هەموو ئاماژەكان لە بەرژەوەندیی گەلی كورددان بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان، بۆیە نابێت هیچ لایەنێك دژی ئەم پڕۆژە نەتەوەیی ـــ مێژویییە بووەستێتەوە، چونکە نەتەوەکەمان هەزاران ڕۆڵەی كردووەتە قوربانی، بۆ دەستبەرکردنی ئەو مافەی كە لێی زەوت كراوە".
ئەو پارێزەرە باوەڕی وایە: "كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەو باوەڕە گەیشتوون، كە هەرێمی كوردستان شایانی جیابوونەوە لە عێراق و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی خۆیەتی، بەڵام بەداخەوە چەند لایەنێكی نێوخۆیی بە ئەجێندای دەرەكییەوە دژی دەوڵەتی كوردستانن و، سیاسەت و هەڵسوكەوتی ئێستایان دژی ئەو پڕۆژە نەتەوەیییەیە، چونکە پێوەندییان بە (مالیكی) و هاوسۆزەكانییەوە هەیە، بۆ ئەوەی لەبەردەم ئەو پڕۆژەیەدا بەربەست دابنێن، كە کار بۆ سەربەخۆییی كوردستان بە سەرۆكایەتیی (سەرۆك بارزانی) دەكات. هیوادارم هەموو لایەنە كوردییەكان لە سەردانەکەی شاندی کورد بۆ بەغدادا بەشداریی بکەن، چونکە سەردانەکە بۆ باسکردنی مافی چارەنووسی گەلی كورد دەبێت، دەنا هەرلایەنێك خۆی لەو ویستە کوردییە ببوێرێت، خۆبواردنەکەی دژایەتییە لەگەڵ مافی نیشتیمانیی کوردستان".
ڕۆژنامەنووس (سوورە مەرگەیی) لە سلێمانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "خەباتی دوورودرێژی نەتەوەی كورد بۆ ئەوە بووە، كە كیانێكی سەربەخۆی كوردستانیی هەبێت، بۆیە دەبێ ئەم دەرفەتەی بۆ گەلەكەمان ڕەخساوە، بیقۆزینەوە و دەوڵەتی كوردستان بنیات بنێین، كە وەك بەرێز (مەسروور بارزانی) فەرمووی، ئێمە بە زۆرکارەتی كراوینەتە عێراقی و باجی عێراقیبوون دەدەین و، نابێ هیچ لایەنێكی سیاسی دژی ئەم دەرفەت و پڕۆژە گرینگە نیشتیمانییەی ئێستا هاتووەتە پێشەوە، هەڵسوکەوت بکات.
(مەرگەیی) درێژەی پێ دا: "كێشەی ئێمەی كورد، کێشەیەکی نەتەوەیییە، ئێستا بەغداش لەوە تێگەییشتووە، كە هەرێمی كوردستان كەمتر لە سەربەخۆیی قبووڵ ناكات و، ناچێتە ژێرباری هیچ پڕۆژەیەكی عێراقییەوە، بۆیە ئەمڕۆ تاكەكانی كوردستان پشتگیریی پڕۆژەی نەتەوەیی و سەربەخۆییی گەلی كوردستان دەكەن و، پێویستە هەموو لێدوانەكانی كەسایەتییە كوردستانییەكان لە بەرژەوەندیی سەربەخۆییی گەلی كوردستاندا بێت، نەك وەکئەوەی کە بەداخەوە چەند ئەندام پەرلەمانێكی كورد، لە پەرلەمانی عێراق دژی سەربەخۆیی کوردستان بۆ ڕاگەیاندنە عێراقییەکان دەدوێن و، وتەکانیان سەدلەسەد لە بەرژەوەندیی بەغدادایە. هەرلایەنێكی سیاسی لە وەڤدەکەی کورد بۆ بەغدادا، کە بۆ باسکردن لە سەربەخۆیی کوردستان سەردانی پایتەختی عێراق دەکات، بەشدار نەبێت، ئەوا لەدژی بەرژەوەندییی گەلی كوردستان دەجووڵێتەوە".
KDP-
