سەرۆکحزبێکی تورکمانی: گرینگە حزبەکان پێکەوە بڕیار بۆ سەربەخۆییی کوردستان بدەن
(محەمەد سەعدەددین ئەنوەر)، سەرۆکی حزبی گەشەپێدانی تورکمان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "وەک سەرۆکی حزبی گەشەپێدانی تورکمان لە کۆبوونەوەی حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و هاوپەیمانیی نیتشیمانیی شیعەدا بەشدار بووم. پارتی و یەکێتی و حزب و پێکهاتەکانی دیکە بە ڕاشکاوی باسی سەربەخۆییی کوردستان و مافی چارەی خۆنووسینیان کرد، ئەمە شتێکی زۆر تازە بوو، ئەم پێشهاتە نیشانەیەکی ئەرێنییە بۆ داهاتووی خەڵکی کوردستان. حزب و لایەنە سیاسییەکان، هەرچەندی هەوڵ بۆ گفتوگۆی نیشتیمانی لە عێراقدا بدەن، باشە، بەڵام نەک لەبەر ئەوەی ئێمە گرفتمان لەگەڵ بەغدا هەیە، داوای سەربەخۆیی بکەین، نەخێر ئێمە ئەگەر گرفتیشمان نەبێت، وەک مافێکی سروشتیی خۆمان، دەبێ داوای سەربەخۆیی بکەین".
سەرۆکی حزبی گەشەپێدانی تورکمان درێژەی پێ دا: "لەم قۆناخەدا زۆر باشە بە شێوەیەکی ئەرێنی سەیری هەموو پڕۆژە نیشتیمانییەکان بکەین، هەوڵ بدەین سەقامیگیریی سیاسی لە عێراقدا هەبێت، بەڵام دەبێ کار بکەین بۆ ئەوەی مافەکانمان بەدەست بێنین؛ ساڵی ١٩٧٠ مافی ئۆتۆنۆمی بە کورد درا، دواتر بوو بە فیدراڵی، بۆیە گرینگە لە قۆناخی فیدراڵییەوە هەنگاو بۆ قۆناخی سەربەخۆیی بنێین، نابێ لەجێی خۆمان ڕاوەستین، دەبێ هەوڵ بدەین مافی خۆمان بەدەست بێنین".
(محەمەد سەعدەددین ئەنوەر) گوتی: "ئیرادەیەکی بەهێز لە لایەن (بارزانی)یەوە بۆ پرسی سەربەخۆیی و کۆکردنەوەی لایەنەکان هەیە، پێویستە هەموو پێکهاتە سیاسییەکان، لەلای خۆمانەوە هەوڵ بدەین هەرێمی کوردستان بکەینە نموونەی پێکەوەژیان و بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو بنێین، چونکە تەنیا هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا گرفتی ئاینی و پێکەوەژیانی نییە".
ئەو سەرۆکحزبە گوتی: ئەگەر هەندێک لایەنی سیاسی لە نێوخۆی کوردستاندا گرفتی سیاسیشیان پێکەوە هەبێت، دەبێ لەسەر پرسی سەربەخۆیی سەرجەم گرفتەکان وەلاوە بنێن و، هەموومان کار بۆ سەربەخۆیی بکەین.
KDP-
